حكوومەتی عێراق پڕۆژەی بودجەی 2020ی رەوانەی پەرلەمان كرد

:: PM:04:15:14/09/2020 ‌

وەك بڕیار بوو ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی 2020 بدات، كاتێك ئەنجوومەنەكە ئەمڕۆ دووشەم پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2020ی عێراقی پەسند كرد و رەوانەی پەرلەمانی كرد بۆ تاوتوێكردن و پەسندكردنی.
بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵی داراییە
ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێك نووسیویەتی، بە مەبەستی رێكخستنی پرۆسەی خەرجكردن و دابینكردنی خەرجییە پێویستەكان بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ، وەك پابەندی حكوومەت بە بڕیاری پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ 2020 پەسند كرد و رەوانەی پەرلەمانی كرد.

دوێنێ شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، پشكی هەرێمی كوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2020 باشە و هەنگاوێكە بەرەو سەقامگیریی پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، زیادكردنی تێكڕای مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رەشنووسی بودجەكە لە 68 ملیار دینارەوە بۆ 76 ملیار دینار، هەنگاوێكی باشە، دووپاتی كردەوە، تێپەڕاندنی بودجەكە بەو شێوەیە، پێوەستە بە رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئاستی قەناعەتكردنی پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان و پەسندكردنی.


ئەوە لەوكاتەی جەمال كۆچەر، ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو رەشنووسی پڕۆژەیاساكە گوتی، ئەوە تەنیا رەشنووسی ئامادەكراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئاراستەی ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ دانی تێبینییەكانیان و مەرج نییە بەو شێوەی ئێستە بمێنێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل