عێراق بۆ مانگی داهاتوو نەوتەکەی هەرزانتر دەفرۆشێت

:: AM:09:48:15/09/2020 ‌
بە مەبەستی ساغکردنەوەی نەوتەکەی حکوومەتی عێراق بەهای نەوتی پێشنیازکراو بۆ فرۆشتنی مانگی داهاتووی دابەزاند.

بەگوێرەی شانا عێراق بەهای نەوتی بۆ کڕیارانی ئاسیا و ئەمەریکا دابەزاندووە و 30 سەنت کەمتر لە تێکڕای ئەو نەوتەی داناوە کە لە ناوچەکە دەفرۆشرێت.
نەوتی بەسرا لە مانگی ئەیلوولدا بە دۆلارێک و 50 سەنت گرانتر لە نەوتەکانی تر فرۆشراوە

هەرزانکردنی نرخی نەوت لە کاتێکدایە نەوتی بەسرا لە مانگی ئەیلوولدا بە دۆلارێک و 50 سەنت گرانتر لە نەوتەکانی تر فرۆشراوە. 


لە کۆتایی مانگی رابردوو نرخی نەوت تا سەرووی  46 دۆلار هەڵكشابوو بەڵام لەو کاتەوە رووی لە دابەزین کردووە و گەیشتووەتە نزمتریین نرخی کە لە 15ی حوزەیرانەوە تۆمار کرابێت.

بەگوێرەی dailyfx هەر ئێستە  نرخی بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 39 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت. هاوكات نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 37 دۆلار و 19 سەنت دەفرۆشریت.

بەهای نەوتی برێنت لە 24 سەعاتی رابردوودا تا 39 دۆلار و 33 سەنتیش دابەزی کە دواجار سێ مانگ لەمەوبەر بەو نرخە فرۆشراوە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت پێوەندی بە كەمبوونەوەی داخوازی لەسەر نەوت هەیە
گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت پێوەندی بە كەمبوونەوەی داخوازی لەسەر نەوت هەیە و سەرهەڵدانی شەپۆلەکانی دووەم و سییەمی کۆرۆنا  و گرتنەبەری هەندیک رێوشوێنی تر لە لایەن وڵاتان هۆکارە لەوەی وەک پێویست داخوازی لەسەر نەوت بەرز نەبێتەوە.

پێشتر پێشبینی كرابوو لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرمی و ئاساییبوونەوەی دۆخی كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان و كارگەكان داخوازی لەسەر نەوت زیاتر بێت بەڵام لە ئیستەدا داخوازییەكە لەبەر ئەو هۆكارانەی باس كرا كەمتر بووە.

وڵاتانی ئۆپێك پڵاس لە سەرەتای مانگی ئایارەوە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان جێبەجێ كردووە و ئەم هەنگاوە هۆكار بووە لە هەلكشانی نرخی نەوت. دۆخەکە ئەوە دەخوازیت ئەم وڵاتانە درێژە بە رێککەوتنەکەیان بدەن.



وشە - سلێمان تاشان