رێککەوتنێکی مێژوویی لە کۆشکی سپی واژوو دەکرێت

:: AM:11:47:15/09/2020 ‌
پێشتر رێککەوتنی هەر یەک لە ئیسرائیل و ئیمارات و پاشان بەحرێن و ئیسرائیل بە جیا بڵاو کراوەتەوە بەڵام هێشتا بە فەرمی واژوو نەکرابوو  و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم لە کۆشکی سپی رێککەوتنەکەیان واژوو بکەن.

بڕیارە ئەمشەو سەعات 12ی نیوەرۆ بەکاتی واشنتن و 10ی شەو بە کاتی هەولێر رێککەوتنی نێوان هەر دوو وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بە ناوبژیوانی ئەمەریکا واژوو بکرێت.

میوان زۆرن
لەو رێورەسمەدا 700 میوان بەشداری دەکەن و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیاش بەشداری دەکات. بنیامین نەتەنیاهۆ کە زووتر گەیشتووەتە ئیسرائیل بە جیا لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبێتەوە و دەیەوێت تاوتوێی دواین گۆڕانکارییەکانی رێککەوتنەکە بکات.

هەر یەک لە عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات و عەبدول لەتیف بن راشد وەزیری دەرەوەی بەحرێن  لە رێورەسمەکەدا بەشداری دەکەن.

دەقی رێککەوتننامەکە بڵاو نەکراوەتەوە
هێشتا دەقی رێککەوتننامەکە بڵاو نەکراوەتەوە و میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن دەقی رێککەوتنەکان جیاواز دەبن چونکە ئەوەی لەگەڵ ئیمارات واژوو کراوە پێویستی بە رێکاری تر هەیە.

رێککەوتنی نیوان ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنێکی ئاشتییە کە دواتر دەبی لە لایەن پەرلەمانی ئیسرائیل پەسند بکریت و پاشانیش سیمایەکی نێودەوڵەتیی پێ دەدەرێت.

ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و بەحرێن واژوو دەکرێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی لێک تێگەیشتن دەبێ و بەڵێنیی هەر دوو وڵات بۆ چەسپاندنی ئاشتی تیایدا رەنگ دەداتەوە.

هەمووان چاوەڕێی دەقی رێککەوتننامەن
چاودێرانی سیاسی  بە تاسەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن دەقی رێککەوتننامەکەیان بڵاو بکریتەوە و دەیانەویت بزانن هەڵوێستەکان لەبارەی پرسی فەلەستین چییە و تا چەندە لەم رێککەوتنانەدا جێی بۆ کراوەتەوە. گومان هەیە لە رێککەوتنەکە بە هیچ شێوەیەک باسی فەلەستین نەکرابێت.

هەروەها چاودێرانی سیاسی چاوەڕوانی ئەوە دەکەن بزانن ئایا لە ناو دەقی رێککەوتننامەکان باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل دەکریت یان نا.

میسر لە ساڵی 1979 و ئوردنیش لە ساڵی 1994 لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتننامەیان واژوو کردووە.
ئیمارات دەبێتە سێیەم وڵاتی عەرەبی کە لەگەڵ ئیسرائیل بە فەرمی رێککەتننامەی ئاستی واژوو دەکات. پێشتر میسر لە ساڵی 1979 و ئوردنیش لە ساڵی 1994 لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتننامەی ئاشتییان واژوو کردووە.

حکوومەتی فەلەستین و رێکخراو  وحزبەکانی ئەو وڵاتە بە توندی دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ریککەوتنانە دەربڕیوە و بەیاننامەی تایبەتییان بڵاو کردووەتەوە.

رێککەوتننامەی 2002 لە شوێنی خۆیەتی
بە پێی پڕۆژەی پێشنیازکراوی ئاشتی کە لە ساڵی 2002 لە لایەن سعوودیە پێشکەش کرا و لە لایەن کۆمکاری عەرەبی پەسند کرا وڵاتانی عەرەبی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلیان گرێ داوە بە کۆمەڵێک مەرج کە هێشتا هیچ کامێکیان بەدی نەهاتوون.

کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی فەلەستین، کشانەوەی ئیسرائیل بۆ پشتی سنوورەکانی ساڵی 1967 و رادەستکردنی بەرزاییەکانی جولان، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختی قودسی رۆژهەلات، بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیل و چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکانی فەلەستین بە گوێرەی بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان لە گرنگترین ئەو مەرجانە  بوون کە وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل خستبوویانەڕوو.

حکوومەتی فەلەستین هەوڵی دا لە کۆمکاری عەرەبی بڕیارنامەیەک پەسند بکات
بەگوێرەی بی بی سی لە دوای راگەیەنرانی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات کە مانگی رابردوو راگەیەنرا ، حکوومەتی فەلەستین هەوڵی دا لە کۆمکاری عەرەبی بڕیارنامەیەک پەسند بکات بۆ سەرکۆنەکردنی رێککەوتنەکە بەڵام بەهۆی دژایەتیکردنی بەحرێن سەری نەگرت. دواتر بڕیارنامەیەکی تری پێشکەش کرد و ئەویش دوای هەڵسەنگاندنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بێ ئەنجام بوو.

سعوودیەش لە ئیسرائیل نزیک کەوتووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە گوتوویەتی هێشتا لەسەر پڕۆژەکەی سالی 2002 سوورە، بۆ یەکەم جار رێگەی بە فڕۆکەی ئیسرائیلی دا بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕێت.

دژایەتی و هەڕەشە
ئەوانەی دژی ئەم رێککەوتنە بوون بە پلەی یەکەم ئێران و دواتر تورکیا بوون و هەر زوو بە توندی رێککەوتنەکەیان سەرکۆنە کرد دواتر کار گەیشتە ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی هەڕەشە لە بەحرێن بکات و پێی بڵێت چاوەڕوانی تۆڵە بێت لە لای موجاهیدەکانی پاراستنی قودسەوە.

تورکیا لە کاتێکدا ئەم جۆرە رێککەوتنانەی رەت کردووەتەوە کە خۆی لە ئاستی جیاوازدا لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندی هەبووە و تەنانەت بەشێک لە پێداویستییە سەربازییەکانیشی هەر لە ئیسرائیلەوە دابین دەکات. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا ئەوەندەی لە بیری فراوانخوازییەکانی خۆیان دان و بەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیانن بیر لە چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە ناکەنەوە و خەڵکی تریان کردووەتە سووتەمەنی ویست و داخوازییەکانی خۆیان.

سەرووی 150 وڵاتی دنیا ئیسرائیلیان بە فەرمی ناساندووە
سەرووی 150 وڵاتی دنیا ئیسرائیلیان بە فەرمی ناساندووە و  لە وڵاتانی ئیسلامی و باکوری ئەفریقاش جگە لە وڵاتانی تورکیا، میسر، ئیمارات و بەحرین ئەوانی تر ئیسرائیلیان بە فەرمی نەناساندووە.



وشە - سلێمان تاشان