بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە ڕای دەگەیەنێت، ڕێی هەیبەسوڵتان بۆ شوفێرانی بارهەڵگر ڕادەگیرێت و نۆژەنكردنەوەی ڕێی كلكەسماق تەواو بووە و ئێستە دەتوانن بەكاری بهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، زاهیر محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە شوفێرانی بارهەڵگر ڕێی هەیبەسوڵتان بەكار نەهێنن، لە ئەمڕۆوە ڕێی دەشتی كۆیە و كلكەسماق چاك كراوە و دەتوانن بەكاری بێنن.
بەكارهێنانی ئەو ڕێیە لەلایەن شوفێرانی بارهەڵگر وادەكات بەرەو تێكچوون بچێت
بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە گوتی، ڕێی هەیبەسوڵتان بەڕووی شوفێرانی بارهەڵگر داخراوە، لەبەرئەوەی دانیشتووانی كۆیە و شارەدێیەكان و میوانانیش بۆ كات بەسەربردن دێنە ناوچەی گەشتیاریی چنارۆك و هەیبەسوڵتان، بۆیە ئەو رێیە ناشێ بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و لۆدێكی زۆری دەكەوێتە سەر كە گرفتێكی زۆری بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی كۆیە دروست كردووە.
باسی لەوەش كرد، بەكارهێنانی ئەو ڕێیە لەلایەن شوفێرانی بارهەڵگر وادەكات بەرەو تێكچوون بچێت و بەرگەی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە نەگرێت.
ڕێی كلكەسماق ماوەی دوو مانگ بوو لە ژێر نۆژەنكردنەوەدا بوو، ئەوەیش وایكرد هاتوچۆی هەولێر لەو سنوورە كێشەی هەبێت و بێزار بن بەهۆی بوونی بارهەڵگرەكان لەو ڕێیانە.