تەندروستی هەڵەبجە هۆشداری دەدات و دۆخەكە مەترسیدار بووە

:: PM:02:36:16/09/2020 ‌
گوتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە هۆشداری‌ دەدات لە زیادبوونی‌ ژمارەی‌ تووشبووان بە ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا لە شارەكەدا و رای دەگەیەنێت، دووەمین نەخۆشخانەی كۆرۆنا ئێستە نەخۆشی تێدایە خەوێنراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، شاناز ئیبراهیم گوتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە لەڕووی بودجە و كەلوپەلی پزیشكی هیچ كێشەیەكمان نییە و هەموو بەردەستە.

بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت
گوتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە گوتی، ڕۆژانە ژمارەی تووشبووان ڕوو لە زیادبوونە و بەرەو وەرزی زستان دەچین، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت.

باسی لەوەش كرد، ئێستە لە نەخۆشخانەی وەفا 34 نەخۆش هەیە، لە كۆی 40 قەرەوێڵە و نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجە ئێستە كردوومانەتەوە، نۆ نەخۆشی كۆرۆنای تێدایە لە كۆی 30 قەرەوێڵە، بەڵام ئەگەر ژمارەكان وا بەرز ببنەوە، ڕەنگە نەتوانین نەخۆشی زیاتر لەخۆ بگرین و نەخۆشخانەكان پڕ بێت.

لەبارەی كردنەوەی نەخۆشانەی تر ڕای گەیاند، ئێمە توانای مرۆییمان لاوازە و پزیشك و كارمەندی پێویستمان نییە، بۆیە ئێستە ناتوانین نەخۆشخانەی زیاتر بكەینەوە.



وشە - رامیار جەواد