تووشبووانی كۆرۆنا لە هیندستان پێنج ملیۆنی تێپەڕاند

:: PM:03:38:16/09/2020 ‌
تا ئێستە تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هیندستان پێنج ملیۆنی تێپەڕاندووە. رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێ، دۆخەكە لە خەیاڵی زانستی خراپترە و ئێستە تەنگژە تەندروستییەكە لە سەرەتایدایە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش ئەو تەنگژەیە بە سەرەتا دەزانێ

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، هیندستان كە رێژەی دانیشتووانی خۆی لە یەك ملیار و 300 ملیۆن كەس دەدات، تا ئێستە زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش ئەو تەنگژەیە بە سەرەتا دەزانێ.

زۆریی تووشبووانی كۆرۆنا لە هیندستان كە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 200 هەزار كەس، لە دوای ئەمەریكا دێت كە ئەو وڵاتە تووشبووانی خۆی لە شەش ملیۆن و 59 هەزار كەس دەدات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هیندستان، ڤایرۆسەكە 82 هەزار و 66 كەسی لەناو بردووە. هاوكات پسپۆڕانی بوارەكە پێیان وایە ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە كە وەزارەتی تەندروستیی هیند رای دەگەیەنێت.

بەپێی ئامارەكان، تا ئێستە لە دنیادا 920 هەزار كەس بەو ڤایرۆسە گیانیان لە دەست داوە. دێڤید نابارۆی پزیشك لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پێی وایە، جارێ دۆخەكە لە سەرەتایدایە و چاوەڕوان دەكرێ قوربانیانی زۆر زیاتر بن، بەتایبەتی كە ئێستە بەرەو وەرزی زستان دەچین.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د