ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو كرایەوە

:: PM:03:41:16/09/2020 ‌
بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنرداوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە ئەمڕۆ بە شكۆوە یادی شەهیدانی كوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە شارۆكەی زاخۆ دەكەینەوە، كە لە 16ی ئەیلوولی 1969دا ڕژێمی بەعس تاوانێكی گەورەی ئەنجام دا و چەندان كەس لە هاووڵاتییانی مەسیحی و مسوڵمانی گوندەكە شەهید بوون. 

گفتوگۆ لەبارەی بنەماكانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق كرا بۆ ساڵەكانی 2021 تا 2023 كە لیژنەیەكی باڵای بۆ پێكهێنراوە و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە 
پاشان سەرۆك وەزیران تیشكی خستەسەر سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەردانە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور كە هیوادارین بە كردەیی گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت. گوتیشی كێشەكان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی هەرێم لە بودجە نییە، بەڵكو جیا لە كێشەكانی پێوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی تری هەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێكی تری ناكۆكییەكانە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پوختەیەكی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی لەبارەی بودجە و وزە خستە ڕوو. ئاماژەشی بەوە دا كە گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە بەردەوامن كە ڕێككەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان هەریەك لە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو، كە لە ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كرا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا. تیشكیان خستەسەر ئەو مادە و بڕگانەی پڕۆژەكە كە پێوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بنەماكانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق كرا بۆ ساڵەكانی 2021 تا 2023 كە لیژنەیەكی باڵای بۆ پێكهێنراوە و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونكردنەوەی پێویستی پێشكەش كرد و ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتەكانی ڕاسپارد كە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بكەن بۆ ئەو مەبەستە، تا هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد