كارمەندی یەكێك لە بانكەكانی هەولێر دوو ملیار دینار دەدزێت

:: AM:08:10:17/09/2020 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە یەكێك لە بانكەكانی هەولێر كارمەندێك بڕی دوو ملیار دینار دەدزێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئەیلوول، هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی دارایی بڵاوی كردووەتەوە، لە یەكێك لە بانكەكانی هەولێر كارمەندێكی ژمێریاری دوو ملیار دینار دەدزێت.

دوو ملیار دیناری دزیبوو و ڕاستەوخۆ ئاشكرای دەكات 
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردووەتەوە، ڕووداوەكە ئەو كاتە ئاشكرا بووە دوای ئەوەی كارمەندێكی ئەو بانكە زانیاری دەداتە لایەنی پێوەندیدار و یەكسەر دەگەنە بانكەكە و ئەو كارمەندە بانگ دەكەن كە دوو ملیار دیناری دزیبوو و ڕاستەوخۆ ئاشكرای دەكات و لە كامێرای بانكەكەداش دەردەكەوێ كە بەڵێ پارەكە بەكاش بردوویەتی.

باس لەوەش دەكات ئێستە دەستەی دەستپاكیش لەنێو بانكەكە دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە و دوو ملیارەكە دەگەڕێنێتەوە و تووندترین ڕێكاری یاسایی لەگەڵ ئەو كارمەندە دەكرێ.

لە كۆتایی نووسینەكەی ڕای دەگەیەنێت، ئەم رووداوە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو روویداوە و دەستی ئەو كارمەندە دڵسۆزە خۆش بێ كە لەو دزییە گەورەیە بێ دەنگ نەبووە و هەقی خۆیەتی بە باشترین شێوە خەڵات بكرێ‌  و پلەكەی بەرز بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 755 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌