هەواڵێكی خۆش لەبارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانەوە

:: PM:07:48:14/02/2017 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەك زیادی كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم، دڵشاد شەعبان ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی زانیاری هەیە لەسەر دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام وادەكەی دیاری نەكراوە.

زیاتر گوتی، لەدوای مانگی یەكی ئەمساڵ و جێگیربوونی نرخی نەوت، داهاتی كوردستان لە 10% زیادی كردووە، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریاری نەداوە ئەو زیادەی داهات لەچیدا خەرج بكات، بۆیە باسی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، حكوومەت جگە لە دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە، كێشەی كۆمپانیاكان و بەڵێندەرانی هەیە و كرێی ئەوانی نەداوە، بۆیە نازاندرێت پلانی حكوومەت چییە لەوبارەیەوە.

شەعبان ئاماژەی دا، داهاتی نەوت كە گەیشتە نزیكەی 56 بۆ 57 دۆلار داهاتی نەوتی كوردستان زیادی كرد و چاوەڕوانین كە حكوومەت بەچ شێوەیەك بەكاری دێنێت.

لەكۆتای لێدوانەكەشیدا ئەو پەرلەمانتارە رای گەیاند، رەنگە ئەو 10%ی زیادبوونی داهاتە لە خزمەتگوزارییەكان بەكاربێنی یان قەرزی پێ بداتەوە یا رێژەی پاشەكەوتی مووچەی پێ‌ كەمبكاتەوە، بۆیە تا ئێستە دیار نییە.

پێشتر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو كە لە چەند مانگی داهاتوودا دەستكاری رێژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكەن.

سیستمی پاشەكەتی مووچەی فەرمانبەران ساڵێك زیاترە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكرێت و بەشێكی زۆری مووچەی فەرمانبەران كە لە 15% تا 75% مووچەی فەرمانبەران بەپێی رێژەكانیان پاشەكەوت دەكرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم