مەكگۆرك بڕیارێكی هەڵە لەسەر كورد بیر ترەمپ دەهێنێتەوە

:: PM:02:43:17/09/2020 ‌
برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ جەنگی دژی داعش، لە تویتێكدا سەركۆنەی بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ دەكات و بیری دەهێنێتەوە بە بڕیاری كشانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان چ كارەساتێكی مرۆیی هێناوەتە كایەوە.

ئەو ئاماژە بە قسەیەكی دۆناڵد ترەمپ دەكات كە گوتبووی دوای جێهێشتنی رۆژئاوای كوردستان بۆ پوتین و ئەردۆغان هیچ شتێك روو نادات، پاشان ئاماژە بە نوێترین راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە دەرەنجامەكانی ئەو بڕیارەی ترەمپ چ كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بەدواوە بووە.

دۆخەكە لەمەش خراپتر دەبێت.
ئەو دەڵێت تاوانی جەنگ، راگواستنی زۆرەملێ، رفاندن، كوشتن، دزی و تاڵان بەشێكن لەو تاوانانەی لەو ناوچانە روویان داوە كە ئەمەریكا هێزەكانی خۆی لێ كشاندەوە و دۆخەكە لەمەش خراپتر دەبێت.

جێی باسە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دوێنێ چوارشەم لە راپۆرتێكدا بە توندی رەخنە لە توركیا و گرووپەكانی هاوپەیمانی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا گرت و بە داگیركردن و بەتاڵانبردنی ماڵی كورد تۆمەتباری كردن.

كۆمسیۆنی سەربەخۆی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە كاروباری سووریا هەر شەش مانگ جارێك لەبارەی سووریا راپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە، لە راپۆرتێ ئەمجارەیدا بە توندی رەخنە لە هەنگاوەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی لە سووریا گیراوە.

بەپێی راپۆرتەكە سوپای ئازادی سووریا دەرهەق بە كورد تاوانی زۆر گەورە ئەنجام دەدات، ئەو تاوانانەش بە ئاگاداری هێزەكانی توركیا ئەنجام دەدرێن.

ئەشكەنجەدان، دەستدرێژی، تاڵانكردن و دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی خەڵك بەشێك لەو تاوانانەن دەرهەق بەكورد رەوا بینراون.

تەنانەت دەرگا و پەنجەرەی ماڵانیش بە تاڵان دەبەن 
لە سەرێ كانی كۆمەڵێك تۆڕ و باندی مافیایی سەریان هەڵداوە كە بەشێوەیەكی رێكخراو پەرە بەو تاوانانە دەدەن و سوپای ئازاد بە هاوكاری توركیا تەنانەت دەرگا و پەنجەرەی ماڵانیش بە تاڵان دەبەن چ بگا بە سامانی تر. دەست بەسەر زۆربەی ماڵە كوردەكان لە عەفرین و سەری كانیدا گیراوە .

زۆر جار خەڵك دەگیرێن و بە توندی ئەشكەنجە دەدرێن و هەموو ئەو تاوانانەش بە چاودێری سوپای توركیا دەكرێن. هەندێك جار پیاوان و كوڕان دەست بەسەر دەكرێن و لە پێش چاوی ئەوان دەستدرێژی دەكرێتە سەر ژن و خوشكیان.

تاوانەكان زۆرن و تەنانەت دەستیان بە دزین و بە تاڵانكردنی شوێنەوارە مێژووییەكانیش كردووە و لە هیچ تاوانێك خۆیان نەپاراستووە. شوێنە مەزەوییەكان و تەنانەت گۆڕستانی ئێزیدییەكانیش لەم دەستدرێژییانە پارێزراو نەبوون .
پێویستە توركیا یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانی پێوەندیدار بە حوكمڕانی شوێنێكی داگیركراو پشتگوێ نەخات

هەر لە راپۆرتەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە كراوە، باكوری سووریا وەك شوێنێكی داگیركراو سەیر دەكرێ و پێویستە توركیا یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانی پێوەندیدار بە حوكمڕانی شوێنێكی داگیركراو پشتگوێ نەخات و رێزیان لێ بگرێت.

پێویستە بگوترێ توركیا لە ساڵی 2018ەوە عەفرینی داگیر كردووە و دواتر كۆمەڵێك ناوچەی تری خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، كۆمەڵێك گرووپی عەرەبی سەر بە سوپای ئازاد و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدەی لەو شوێنانە مۆڵ داوە.

یەكێك لەو كەمینە مەزەوییانەی لە عەفرین ستەمێكی زۆریان لێ دەكرێت و گرووپە جیاوازەكان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك لە ناوچەكە دووریان بخەنەوە، ئێزیدییەكانن و چەند مانگ لەمەوبەریش ئەوە ئاشكرا بوو كە دەیان كەس لە ئێزیدییەكان لە گرتووخانەی سەربە گرووپە میلیشیاكان دەستبەسەر كراون.

هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەی داوە 
لەو كاتەوە توركیا پێی ناوەتە خاكی سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەی داوە و ویستوویەتی ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە شارە گەورەكانی سووریاوە روویان لە توركیا كردووە، لە ناوچە كوردنشینەكان جێگیریان بكات.

هەنگاوی یەكەمی ئەردۆغان ئەوەبوو كورد ناچار بكات لە بەشێكی ئەو ناوچانە بكشێتەوە و لەو هێرشەش كە بەر لە نەورۆزی 2018 كردیە سەر عەفرین، بە سەدان هەزار كەس لە دانیشتووانی شارەكە ئاوارە بوون و ماڵەكانیان جێهێشت و ئەو گرووپانەش كاتێك شارەكەیان داگیر كرد، لەو ماڵانە جێگیر بوون و بنەماڵەی عەرەب جێی ئەوانی گرتووەتەوە.

داگیركردنی سەرێ كانیش دوای ئەوە كرا كە ئەمەریكا بڕیاری دا هێزەكانی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە و گڵۆپی سەوزی هێرشكردنی بۆ توركیا پێ كرد، توركیا ئەو هەلەی قۆستەوە و بەشێك لە ناوچەكانی داگیر كرد، لە چوارچێوەی رێككەوتنێك كە دواتر لەگەڵ رووسیا كردی، كوردی ناچار بە پاشەكشە كرد. ئامانجی ئەردۆغان ئەوەبوو تەواوی رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات، بەڵام وەرسووڕانی سیاسەتی ئەمەریكا دەرهەق بە رۆژئاوا و جارێكی تر پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە بەشێكی بڕیارەكانی و گوشاری كۆنگرێس، وای كرد رێگری لەوە بكرێ توركیا هەنگاوی زیاتر بهاوێژێت.




وشە - سلێمان تاشان