برای دارا رەئووف چیرۆكی كوشتنی خێزانەكەیان لە بەغدا دەگێڕێتەوە

:: PM:03:46:17/09/2020 ‌
برایەكی دارا رەئووف، ئەو پیاوەی كە خۆی و ژن و كچێكی رۆژی رابردوو لە ماڵەكەی خۆیان لە بەغدا كوژران، دەڵی خێزانێكی بێ كێشە بوون و دەڵێ بكوژەش هاتوچۆی خێزانی لەگەڵیان نەبووە و تەنیا دراوسێیان بووە.
کاکم گوتی ژیانی بەغدا هیچ باش نییە و چیتر كەڵكی ئەوەی نەماوە تێیدا بمێنیتەوە

ئەمڕۆ پێێنجشەم 17ی ئەیلوول، ئازاد رەئووف برای دارا رەئووف كە لەگەڵ كچ و هاوسەرەكەی لە بەغدا لەناو ماڵی خۆیان بە شێوەیەكی دڕندانە كوژران، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو برایەم لە شەستەكانەوە لە بەغدا دەژی و كەسێكی بێدەنگ و بێ كێشە بووە، ئەمە چەند ساڵێك دەبێت خۆی و ژنەكەی خانەنشین بوون، لە رووی مادییەوە دۆخیان خراپ نەبووە و خاوەن شوقەی خۆیان بوون.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو رووداوی كوشتنە هیچ پێوەندی بە خۆپێشاندانەكانی چەند مانگی رابردووی بەغدا نەبووە، برازاكەم منداڵكار بووە و خوێندنی دەرمانسازی تەواو كردووە، لە دوكانێكی دەرمانسازی كاری كردووە لە نزیك ماڵی خۆیان لە بەغدا، ئەوان هیچ كاریان بە سیاسەتەوە نەبووە.
كچەكەیان لە رابردوو هیچ داواكارییەكی نەبووە تا كێشە دروست بێ لە نێوانیان

"ئەو كچەیان هاوسەرگیری نەكردووە و تەمەنی 24 ساڵە، لە چەند مانگی رابردوو كاك دارام من و خوشكەكانی ئاگادار كردەوە كە نیازی هەیە بێتەوە سلێمانی و لەوێ بژیت، چونكە باسی لەوە دەكرد ژیانی بەغدا هیچ باش نییە و چیتر كەڵكی ئەوەی نەماوە تێیدا بمێنیتەوە". ئازاد رەئووف وای گوت.

وەك ئاماژەی پێ دەدات، گومانیان بۆ هیچ شتێكی دیاریكراو ناچێت، ئەوەی لەبارەی كوشتنی ماڵباتی براكەمەوە بڵاو دەكرێتەوە زۆربەیان راست نین، تەنیا ئەوەندەیە، ئەو كەسە بكوژە بۆ مەبەستی پارە ئەو كارەی كردووە، ئەوەی دەگوترێت گوایە 240 هەزار دۆلاریان بردووە راست نییە، دەكرێت هەندێ پارە و زێڕیان بردبێت، بەڵام ئەو بڕە راست نییە.

لەبارەی ئەوەی لە بەغدا باس لەوە دەكرا كێشەكە كۆمەڵایەتی بووە، ئازاد دەڵێ، كچەكەیان لە رابردوو هیچ داواكارییەكی نەبووە تا كێشە دروست بێ لە نێوانیان.

باسی لەوەش كرد، بكوژەكە خەڵكی مەدینە سەدرە، ئەو كەسانە كاتی خۆیان پێیان دەگوتن لادێیی كە خۆمان ئەو وشەیە بەكار دەهێنین، نەخوێندەوار بووە و ماوەیەكە بووەتە پۆلیس لە باڵوێزخانەی رووسیا لە بەغدا، هیچ هاتوچۆی نەبووە لەگەڵ ماڵی كاك دارام، بەڵام دراوسێ بوون و لە گەڕەكێك بوون.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان