ئەمەریكا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات

:: PM:01:12:19/09/2020 ‌
دوای چەندان جار رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هێزەكانی رووسیا لەناو خاكی سووریا و رۆژئاوای كوردستان، ئەو وڵاتە بڕیاری داوە هێزی زیاتر رەوانە بكات.

سوپای ئەمەریكا گوتوویەتی پەرە بە ژمارەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەدات و شەش ئۆتۆمبێلی هامەڕ و 100 سەربازی تر لەو ناوچانە جێگیر دەكات.

لە كاتی گەشت و چاودێرییە سەربازییەكان زۆر جار هێزەكانی ئەمەریكا و رووسیا رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە و خەریك بووە جەنگ لە نێوانیان دروست بێت .

بەگوێرەی بی بی سی، بێڵ ئوریان گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا گوتوویەتی، ئەمەریكا نایەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێك لە سووریا بكەوێتە جەنگەوە، بەڵام بەرگری لە هاوپەیمانەكانی دەكات.

ئەو ئاماژەی بە ناوی رووسیا نەكردووە، بەڵام بەرپرسێكی تر راستەوخۆ ئاماژەی بە ناوی رووسیا كردووە و هەرچەندە ناوی ئاشكرا نەبووە، بەڵام گوتوویەتی پێویستە رووسیا رێز لە رێساكان و رێككەوتنەكان بگرێت و كارێك نەكات لە چوارچێوەی رێككەوتنە سەربازییەكاندا نەبێت.

مەبەستی ئەمەریكا لەم هەنگاوە ئەوەیە رێ لە هاتنی هێزەكانی رووسیا بۆ ئەو ناوچە پارێزراوە بگرێت
تەلەڤزیۆنی ئێن بی سی نیوزیش گوتوویەتی، مەبەستی ئەمەریكا لەم هەنگاوە ئەوەیە رێ لە هاتنی هێزەكانی رووسیا بۆ ئەو ناوچە پارێزراوە بگرێت كە هێزەكانی هاوپەیمان و كورد تێیدا رۆڵیان هەیە.

مانگی رابردوو حەوت سەربازی ئەمەریكا لەكاتی بەركەوتنیان بە ئۆتۆمبێلێكی رووسیا بریندار بوون، هەردوو لایەنیش یەكتریان بە كەمتەرخەم تۆمەتبار كرد.

ئەمەریكا 500 سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە و مەبەستیش لە مانەوەی ئەو هیزانە رووبەڕووبوونەوەی داعشە لە ناوچەكەدا.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 811 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌