تەنیا ڕەشید: هونەر بە هەموو شێوەكانیەوە گەڕانەوەیە بۆ ناو خودی خۆت

:: PM:01:20:19/09/2020 ‌
تەنیا ڕەشید خاتوونە فۆتۆگرافەری كورد لەم چاو پێكەوتنەدا بۆ "وشە" باس لە ئەزموونەكانی خۆی دەكات لە بوای فۆتۆگرافەریدا و دەڵێ، هونەر هیچ كاتێك پابەند نییە بە وڵات و كولتوور و زمان و ژن یان پیاو.

تەنیا لەبارەی خولیاكانی بۆ كاری فۆتۆگرافەری ئاماژە بەوە دەدات، باوكم فۆتۆگرافەرێكی زۆر باش بووە، هەموو كات چەند جۆر كامێرامان لە ماڵەوە هەبووە، سەرەتا بە وێنەی پۆرترێت دەستم بە كار كرد كە بە كامێرای ئەنەلۆگی"canon"  بوو، پاشان  "Minolta"  لە ساڵی 2010  ستایلی ئیشەكانم لە پۆرترێتەوە زیاتر بوو بە وێنەگرتنی ئەبستراكت، ئەو كاتە بوو لە ئەنەلۆگەوە هاتمە سەر دیجیتاڵ كە زیاتر دەرفەتی تاقیكردنەوە و دنیایەكی فراوانی  پێشان دام.
هەرگیز هەستم نەكردووە رێگریم لێ كرابێت

روونی دەكاتەوە، وەك ژن ڕێگری لێ نەكراوە بۆ كارەكەی و دەڵێ، ماوەیەكی زۆرە خەریكی كاری فۆتۆگرافەریم، ئەو سەردەمەی من لە كوردستان ژیاوم كە لە خێزانێكی زۆر كراوە و رۆشنبیر گەورە بووم، هەرچی لە بواری ئەدەب و فۆتۆگرافی وەك كچێك یان وەك ژنێك كارم كردووە، هەرگیز هەستم نەكردووە رێگریم لێ كرابێت.

"هەموو كات ئەوەم كردووە كە خۆم ویستوومە، لە شاری ڤیەنا كە ماوەیەكی زۆر خەریكی بژێوی بووم، هیچ كاتێك لە فۆتۆگرافی دوور نەكەوتوومەتەوە، بە هەر شێوەیەك بووبێت دەرفەتێكم دۆزیوەتەوە بۆ فۆتۆگرافی، چونكە هونەر بە هەموو شێوەكانیەوە گەڕانەوەیە بۆ ناوەوەی خۆت، هونەر هیچ كاتێك پابەند نییە بە وڵات و كولتوور و زمان و ژن یان پیاوەوە". تەنیا رەشید وای گوت.

ئەو هونەرمەندە باس لەوە دەكات كە دەستم كرد بە گەڕان بە دوای مۆتیڤی ئەبستراكت، كە تایبەتە بە دیوار و پەنجەرە و دەرگا و ئەو شوێنانەی كە مرۆڤ یان سروشت شوێنەواری خۆیان تێدا بەجێهێشتووە، كە لە لێنزی كامێراكەمەوە دەیانبینم، وەك تابلۆیەكی ئەبستراكت دێتە دنیای فۆتۆگرافییەوە، هەڵبەتە ئەوەی كارتێكەری بەسەر ئیشەكانمەوە هەبووە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بیانبینم، ئەوەیە كە لەگەڵ هونەرمەندان و كارەكانیان رۆژانە دەژیم.

دووپات لەوەیش دەكاتەوە، لە ساڵی 2011ەوە فۆتۆكانم بە پێشانگای هاوبەش یان تایبەتی ساڵانە چەند جارێك نمایش دەكەم، لەگەڵ هاوژینەكەشم ساڵۆنێكی هونەریمان هەیە لە شاری ڤیەنا كە ساڵانە ئیشەكانمانی تێدا نمایش دەكەین.

تەنیا غەفوور داراغا  ناسراو بە تەنیا رەشید لە دایكبووی ساڵی1958ـە لە شاری سلێمانی، لە كۆتایی ساڵی 1984وە كوردستانی جێهێشتووە و تا ئێستە لەگەڵ هاوژینەكەی و كچەكەكانی لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا دەژین.

هەولێر/پەریهان عومەر



وشە - هیدایه‌ت جان