كنێر مەحموود: پێویستە كچان روو بكەنە یاریی لەشجوانی

:: PM:03:39:19/09/2020 ‌
كنێر مەحموود كچە یاریزانی لەشجوانی دانیشتووی شاری سلێمانییە كە بە خولیا و حەزی خۆی، چەندان ساڵە دەستی كردووە بە یاریی لەشجوانی و سەرەتا یاری هەڵگرتنی قورسایی كردووە، بەڵام دواتر بەهۆی سەرقاڵی بە كاری دەرەوە و ماڵەوەش، یاریكردنی بۆ لەشڕێكی گۆڕیوە و داوا دەكات كچان روو بكەنە یاریی لەشجوانی.
تا ئێستەیش خێزان زۆرە رێگری لە چوونی کچەکانیان بۆ وەرزش دەکەن

بەهۆی حەزی زۆری بۆ یارییەكەی، كاری دەرەوەی كە مامۆستا بووە، گۆڕیوە بۆ فەرمانبەری لە پێناو ئەوەی كاتێكی زیاتری هەبێت بۆ وەرزشكردن، هەفتەی پێنج رۆژ یاری دەكات، ئەو لەگەڵ وەرزشی لەشجوانی، پاسكیلسواریش دەكات و دەڵێت، هەموو رۆژێك یاری دەكەم و داواش دەكات كچان روو بكەنە یاریی لەشجوانی كە ئێستە باشترین یارییە بۆ كچان كە هەبێت.

* ئایا یاری لەشجوانی بۆ كچان گونجاوە؟
وەك ھەموو كارەكانی تریش ھیچ جیاوازییەك نابینم بۆ ژنان كە لەبواری لەشجوانیدا برەو بە جەستە و تواناكانی خۆیان بدەن، بەڵێ زۆریش گونجاوە ھیچ نەگونجانێك نابینم لەم وەرزشە، بە پێچەوانەوە باشترین شتە كە ئەنجامی بدەن.

* زیاتر كچان بۆ رێككردنی جەستە یاریی لەشجوانی دەكەن یان بۆ تەندروستی خۆیان؟
دەتوانین بڵێین كچان و ژنان بۆ ھەردووكیانە، ھەیە بۆ لایەنی تەندروستی دەست دەكات بە یاریی لەشجوانی، ھەیە بۆ لەش و لارێكی رێك و جوان ھەوڵ دەدات، تا ئاستێكی زۆر باش گرنگی پێ دراوە و ھەوڵی تەواوەتی بۆ دراوە كە ئەمەش جێی دەستخۆشییە.

* ئێستە لەناو كچاندا یاریی لەشجوانی برەوی هەیە؟
تا ئاستێك تا ئێستە زۆر بەشێوەیەكی گشتی ئاسایی نییە، بەڵام ھەر باشە لەچاو خۆی بەتایبەت لە دوای ساڵی 2015 دڵنیام بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام خێزان زۆرە رێگری دەكەن لە ژنان، ئیتر بەھەر ھۆكارێك بێت ئەم وەرزشەش دەبێت خێزان پاڵپشتی تەواوەتیت بكات بۆ ئەوەی بگەی بەوەی كە كەسەكە خۆی دەیەوێت".

* تا ئێستە بەشداری پاڵەوانێتی لەشجوانیت كردووە؟
 بەڵێ تەنیا یەك جار بەشداریم كردووە لە پارێزگای كەركووك و بە پلەی یەكەم لە كێشی خۆم لە پێنج پرێس دەرچووم.

* هۆڵەكانی لەشجوانی لە كوردستان لەڕووی كوالیتییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
بەگشتی ھۆڵەكانی لەشجوانی زۆر باشن، زۆرینەیان ئەوانەن كە یاریزان دەیەوێت، جا لەڕووی ئامێر و پێداویستی وەرزشییەوە بگرە تا دەگاتە پاكوخاوێنی.

* وەرزشكارێك چۆن دەتوانێ ببێت بە راهێنەری لەشجوانی و مۆڵەتەكەی لە كوێ وەردەگرێت؟
ساڵانە یەكێتی لەشجوانی خولی راھێنەری بە سێ قۆناغ C-B-A دەكاتەوە، ئەوەی لەم خولە بەشێوەی كردەنی و تیۆری سەركەوتوو بێت، بڕوانامەی راھێنەری پێ دەبەخشرێت.

* داوا دەكەی كچان روو لە یاریی لەشجوانی بكەن، گرنگی ئەو یارییە بۆ ژنان چییە؟
سەرەتا لایەنی تەندروستی كە لە سوودە گرنگەكانە، دواتر زۆر جار پزیشك بۆ نەخۆش پێشنیاز دەكات دەست بكەن بە وەرزش بەتایبەت ئەوانەی كێشیان زۆرە و بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، ئەو وەرزشە بۆ لەشڕێكی و تەندروستی لەش زۆر گرنگە و بەردەوامبوون خاڵی هەرە گرنگی وەرزشەكەیە، چونكە دوای دابڕان دەگەیەوە بەو ئاستەی كە سەرەتا دەستت پێ كردووە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان