نوێنەری خامنەیی: سوپای پاسداران سوورە لەسەر كوشتنی ترەمپ

:: PM:02:18:20/09/2020 ‌
حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لە رۆژنامەی كەیهان باسی لەوە كردووە سوپای پاسداران بە شوێن كوشتنی دۆناڵد ترەمپەوەیە جا ئەو ببێتەوە سەرۆكی ئەمەریكا یان نا، هەر دەبێ تۆڵەی لێ بكرێتەوە.

ئەو باسی لە تۆڵەسەندنەوەی سوپای پاسداران كردووە لە كوژرانی قاسم سلێمانی لە لایەن ئەمەریكا و پێی وایە، بە كوژرانی ترەمپ تۆڵەی قاسم سلێمانی دەستێنرێتەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، شەریعەتمەداری ئاماژە بە هەڕەشەیەكی خامنەیی دەكات كە گوتوویەتی هەر دەستیك بۆ ئێران درێژ بكرێت، ئەوا دەیبڕن و ئەو دەستەش جیاوازی نییە كەسێكی ناوخۆ بێت یان لە دەرەوە دەستدرێژی كردبێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران.
ترەمپ چەندان جار پێداگریی لەوە كردووە كە قاسم سلێمانی گەورەترین تیرۆریستی دنیا بووە

دۆناڵد ترەمپ چەندان جار پێداگریی لەوە كردووە كە قاسم سلێمانی گەورەترین تیرۆریستی دنیا بووە، بۆیەش كوشتوویەتی چونكە پیلانی داڕشتبوو هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا.

پێشتریش سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كردبوو. حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران گوتبووی هەموو ئەوانەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە كوشتنی قاسم سلێمانی رۆڵیان هەبووە، دەبێ چاوەڕوانی تۆڵە بن.

سەلامی گوتی "ئێمە جوامێرانە تۆڵە دەستێنینەوە و هەر لەبەرئەوەش بوو كاتێك مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدمان كرد، خۆمان حەزمان نەكرد سەربازەكان بكوژین، بەڵكو ئامانجمانە ئەوانە بكوژین كە دەستیان لە كوشتنی سلێمانیدا هەبووە."

پێویستە بگوترێ هەفتەی رابردوو ئەوە بڵاو كرایەوە ئێران بە تەمایە لە ئەفریقای باشوور باڵوێزی ئەمەریكا بكوژێت، پاشانیش ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران كرد ئەگەر هەر هەنگاوێك بنێت، ئەوا وەڵامێكی هەزار هێندە گەورەتر بە ئێران دەداتەوە.



وشە - سلێمان تاشان