گردێكی تر لە سلێمانی داگیر كرا و 500 سنەوبەر بڕاوەتەوە

:: PM:02:27:20/09/2020 ‌
گردێكی فراوان لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی كە بە گردی یوئێن ناسراوە، لە تەنیشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی و كەنیسەكە، ئێستە دراوە بە كەسایەتییەكی شاری سلێمانی و دەست كراوە بە تەختكردن و بەپێی زانیارییەكانیش 500 سنەوبەری بڕیوەتەوە.
گردەکە موڵکی شارەوانی سلێمانییە و لەناو جەرگەی شارە

ئەو گردە لە شوێنێكی بازرگانییە و دەكەوێتە نزیك باڵەخانەی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی، دەیان دۆنم دەبێت و خاوەنداریەتییەكەی ئێستە زاهیری كەریمە رەشە لە شاری سلێمانی كە یەكێكە لە كەسایەتییەكانی سلێمانی.

غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، گردەكە پێشتر رێكخراوی یوئێنی تێدا بووە، بەڵام ئێستە دراوە بە هاووڵاتییەكی دەوڵەمەند و كەسایەتیی شاری سلێمانی بەناوی زاهیری كەریمە رەش، ئەم گردە موڵكی شارەوانی یان كشتوكاڵی سلێمانییە، خەریكە بە تەواوی گردەكان داگیر دەكرێن، بە هیچ شێوەیەك نابێت دار و سەوزاییەكانیان لاببات یان بیانبڕێت.

روونی دەكاتەوە، چەند رۆژێكە دەست كراوە بە كاركردن و تەختكردنی ئەو گردە و ئامادە دەكرێت، تا ئێستە 500 سنەوبەر لەو گردە بڕاوەتەوە، بەدەر لەوەی زەوییەكی فراوانە و گرانبەهایە و لە ناوجەرگەی شارە، ئێستە لانی كەم یەك مەتر لەو زەوییە دوو ملیۆن دینار دەكات، ئەگەر بەپارەش پێی دراوە بە نرخێكی زۆر هەرزان بووە كە رەنگە هەر مەترێك كەمتر لە 10 هەزار دیناری پێی درابێت.

شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو گردە موڵكی كشتوكاڵ نییە و لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانییە، ئەوان خاوەنداریەتیی ئەو زەوی و گردانە دەكەن لە ناوشار.

دووپاتی لەوەش كردەوە، راستییەكەی نازانین چۆن پێی دراوە، بەڵام بڕینەوەی دار و لابردنی سەوزایی شتێكی ئەوەندە قورس نییە، ئەمە یاسا دیاری كردووە لە بەرانبەردا قەرەبووكردنەوە هەیە، یان قەرەبووەكە بە پارەیە، یان لە بەرانبەر ئەو سەوزاییەدا لە شوێنی تر هەمان سەوزایی و دار دەچێنرێت.

"وشە" پێوەندی بە بەرپرسانی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی كرد، بەڵام لەوبارەوە هیچ قسە و زانیارییەكیان نەدا.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان