نەتەوە یەكگرتووەكان: هانی بەردەوامبوونی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا دەدەین

:: PM:03:33:20/09/2020 ‌

جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دووپاتی لە گرنگی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی عێراقییەكان بە پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە كردەوە، ئاماژەی كرد، ئەگە هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دروست كرا، عێراق بەرەو پەرەسەندن دەچێت، ئەگەرنا لە لێژاییەكی مەترسیدار نزیك دەبێتەوە.
عێراقییەكان پێویستیان بە ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر هەیە
زیاتر گوتی، وەك نەتەوە یەكگرتووەكان هانی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەین بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر بنەمای دەستوور، گفتوگۆكان بەردەوامن و ئێمەیش پێی خۆشحاڵین بەو گیانە هاریكار و پەرەسەندووەی لە ماوەی دواییدا دروست بووە، لەگەڵ ئەوەیش چارەسەری بەردەوام لە كۆتادا پێویستە.

بلاسخارت روونی كردەوە، دەزانین ئەو پرەنسیپە گشتیانەی لە دەستوور باسی كراوە، پێویست بە میكانیزمی دیاریكراو دەكات بۆ جێیەجێكردنیان، كە بۆ داهاتوو جێ هێشتراوە، بۆیە لەوەتەی دەستوور هەیە لە 2005، تەنیا چەند پێشوەچوونێكی كەم نەبێت، نەهاتووەتە دی لەو رێككەوتنانەی ماف و دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا دیاری دەكات، بۆیە وەك یۆنامی هەمیشە ئامادەین بۆ یارمەتیدان بە هەر شێوەیەك لەوبارەوە.

بلاسخارت سەبارەت بە كردنەئامانجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق گوتی، عێراقییەكان پێویستیان بە ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر هەیە بۆ ئەوەی بژین و منداڵەكانیان تیادا پەروەردە بكەن، دوور لە ترس لەسەر گیانیان، بۆیە عێراقییەكان بەرگەی قۆناغێكی تری توندوتیژی ناگرن و حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە چەك بخاتەوە دەستی دەوڵەت و ئێمەیش پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حكوومەت دەكەین بۆ ئەوەی دەوڵەت قسەی یەكلاكەرەوەی لە هەموو بابەتەكاندا هەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل