كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە سێ حزبی سەرەكی پێكهاتووە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان، بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی ماوە ماوە هەواڵی ناڕاست لەسەر حوومەت بڵاو دەكەنەوە، سەعید هەركی دەڵێ، بۆ ئەوەیە تا بڵێن قسەمان كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، سەعید هەركی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە”ی راگەیاند، ئەو حزبانە دەبێ خۆیان و پەرلەمانتارەكانیان یەكلا بكەنەوە، لە حكوومەت دەبن یان ئۆپۆزسیۆنن.
هاووڵاتییان بەلاڕێدا دەبەن، بەشێك لە هاووڵاتییان لە واڵی خۆیان وەڵامیان دەدەنەوە
ماوە ماوە بەشێك لە پەرلەمانتارانی حزبێكی سەرەكی حكوومەت بابەتێک لە فەیسبووك دەنووسن و تۆمەت بۆ حكوومەت دروست دەكەن، هاووڵاتییان بەلاڕێدا دەبەن، بەشێك لە هاووڵاتییان لە واڵی خۆیان وەڵامیان دەدەنەوە.
روونی دەكاتەوە، ئەوەی بەشێكی پەرلەمانتاران دەیكەن، بەمەبەستی راكێشانی سۆزی هاووڵاتییانە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی هاووڵاتییان زۆر چاوكراوەترن و ئاگەداری هەموو شتێكن، بۆیە دەكرێ ئەو پەرلەمانتارانە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان پرسیارەكان بخەنەڕوو.
هەروەها دەڵێت” سەیرتر لە هەمووی ئەوەیە هەندێك شت بڵاو دەكەنەوە و قسە دەكەن، تا بڵێن ئێمەش قسە دەكەین، لەكاتێكدا ئەوەی بڵاویان كردووەتەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە”.
هەركی گلەیی هەیە لەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە فەیسبووك شت بڵاو دەكەنەوە، ئەمە ئەركی پەرلەمان وەك چاودێریكردن بەلاڕێدا دەبات، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمان وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانەی دایەوە، پێیان وابوو سەرۆكایەتی پەرلەمان وەڵامی پرسیارەكانیان ناداتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان گوتی، ”هەر پرسیارێك لە سۆشیال میدیا ئاراستەی حكوومەت كرابێت، لەلایەن ئێمەوە ئاراستەی حكوومەت ناكرێت.
ئەو گوتانە لە كاتێكە ماوەیە چەند پەرلەمانتارێك بەبێ بوونی هیچ زانیارییەك لەسەر بابەتێك زانیاری بڵاو دەكەنەوە ئەوەیش وایكردووە پەرلەمان و وەزارەتەكان وەڵامیان بدەنەوە.