ئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، زانیاری لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل ڕادەگەیەنێت و سەرەتا پێویستە داواكارییەك "عەریزە" پێشكەش بكات.
ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە زاری هێمن ساڵح لە بەشی هونەری بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو شۆفێرەی كە بەنیازە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر بگوازێتەوە یان بگۆڕێت، سەرەتا پێویستە داواكارییەك "عەریزە" پێشكەش بكات.
هاتوچۆی سلێمانی نووسراو دەكات بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر
ڕوونی كردووەتەوە، ئەگەر شۆفێرەكە خەڵكی سلێمانییە و بەنیازە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی بگۆڕێت، دوای پێشكەشكردنی داواكارییەك بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، هەنگاوی دووەم پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكە دەكرێت، پشكنینەكەش دەكرێ لە هەولێر یان سلێمانی بكرێت، بڕی ڕسووماتەكەش 50 هەزار دینارە.
باسی لەوەش كردووە، دوای پشكنینەكە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی نووسراو دەكات بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، بۆ ئەوەی سەرەتاییەكانی (ئەوەلیاتی) ئۆتۆمبێلەكە بنێرێت.
ئەو ئەفسەرە ڕای دەگەیەنێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی "ئەوەلیاتی" ئۆتۆمبێلەكەی بەدەست دەگات، ئەو شۆفێرە مامەڵەكەی لەهاتوچۆی سلێمانی تەواو دەكات و تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی دەگۆڕێت بۆ سلێمانی.