كۆرۆنا رێژەی هەژاری لە عێراق زیاد كردووە

:: PM:03:28:21/09/2020 ‌

پەتای كۆرۆنا ماوەی چەند مانگێكە لە سەرانسەری دنیا سەری هەڵداوە، ئەو تێكهەڵكێش و هاوكات لەگەڵ تەنگژەی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت دەركەوتن و گەورەترین زیانی گیانی و داراییان بە دنیا گەیاند، یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی ئەو پەتایە زیادبوونی رێژەی هەژارییە، بەهۆی نەمانی بازاڕی پیشەسازی و كار، وەزیری پلاندانانی عێراق رێژەی هەژاری لە عێراق ئاشكرا دەكات.
زەرەمەندی گەورە توێژەكانی لاوازیی كۆمەڵگە بوون
خالد بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم لە بەیاننامەیەكدا و لە چوارچێوەی كۆنگرەی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی هەرێمایەتی لە رۆژهەڵاتی نزیك، كە لە 21-22ی ئەم مانگە لە رێگەی بازنەی تەلەڤیۆنییەوە ساز كراوە، گوتی، هەردوو تەنگژەی كۆرۆنا و دارایی بوونەتە هۆی زیادبوونی تێكڕای هەژاری لە عێراق بۆ زیاتر لە 31%.  

زیاتر گوتی، توێژەكانی لاوازیی كۆمەڵگە زیاتر كاریگەر بوون و زیانیان كرد بەهۆی وەستانی كاروبار، بەتایبەتی كەرتی تایبەت، بۆیە حكوومەت پلان و سیاسەتی گونجاوی داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی پێوەست بەو دۆخە، ئەوەیش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و كۆمەڵگەدا.

بەتال روونی كردەوە، وەزارەتی پلاندانان دەستی كردووە بە چاوخشاندنەوە بە رێڕەوی پلانی گەشەسەندنی نیشتمانی پێنجساڵی لە 2018-2022 و دیدی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لە 2030 بەوشێوەیەی لەگەڵ كێشەكانی داهاتوو و لێكەوتەكانیان بگونجێت، حكوومەت گرنگی باشی بە كەرتی تایبەت داوە، لەپێناو دروستكردنی هاوبەشی لەگەڵ كەرتی گشتی لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێكی نیشتمانی گشتگیردا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل