شنیا: سەرقاڵی ئامادەكردنی شانۆیەكی نوێین

:: PM:04:52:21/09/2020 ‌
 شانۆكار شنیا هۆشیار لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" باس لە كارە نوێیەكەی دەكات و دەڵێ،  گرووپەكەمان لە هەڵەبجە سەرقاڵی شانۆییەكی نوێیە و منیش وەك ئەكتەرێك ڕۆڵم هەیە، ناوەڕۆكەكەی باس لە كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگا دەكات.
بە ڕێكارە تەندروستییەكان درێژە بە كارەكانمان دەدەین

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، شنیا هۆشیار بە "وشەی راگەیاند، لەبەرئەوەی ئەم پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە بەرۆكی جیهانی گرتووە، كوردستانیش بەدەر نییە لەو ڤایرۆسە، بۆیە لەچاو ساڵانی پێشتر كۆڕ و سیمینار و و نمایشە هونەرییەكان كەم بوونەتەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێستە زۆر گرووپ هەن لە نمایشدان و هەندێكیشیان لە پرۆڤەدان كە ئەمە جێی خۆشحاڵییە بتوانین بەردەوام بین و بە ڕێكارە تەندروستییەكان درێژە بە كارەكانمان بدەین.

شنیا باس لە مێژووی كاركردنی لە شانۆ دەكات و دەڵێ، هەر لە منداڵییەوە لە خانەی كازیوەی منداڵانەوە بەشداری  شانۆی منداڵ و سەمای بالێم كردووە، لەوێوە ئەو حەزەم بۆ كاری هونەری و بەتایبەت شانۆ لەلا دروست بووە.

شنیا هۆشیار حوسێن لە دایكبووی ساڵی 1996ی هەڵەبجەیە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانە لە بەشی هونەری شانۆ.

هەولێر/ پەریهان عومەر



وشە - هیدایه‌ت جان