لیرەی توركی ڕۆژێكی ڕەشی بەڕێ‌ كرد

:: PM:07:14:21/09/2020 ‌
ئەمڕۆ ڕۆژێكی ڕەشە بۆ دراوی لیرەی توركی، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو 20 لیرە زیاتر لە بەیانییەوە لە نرخی لیرەی توركی زیاتر دادەبەزێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هیچ كات لیرەی توركی دابەزینی بەمشێوەیەی ئەمڕۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەشێوەیەكی گشتی بەهای دراوەكە لە ماوەی هەشت مانگی ساڵی 2020دا، %43 دابەزیوە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، موراد سوڵتان لە بۆرسەی‌ باكوری‌ توركیا لە ویلایەتی ترابزۆن بە "وشە"ی‌ ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆلاری ئەمەریكا نرخی بەرانبەر لیرە زیاتر بەرز بووەوە و گۆڕانكاری بەسەردا هات، سەعات حەوتی ئێوارە، 100 دۆلاری ئەمەریكی به 769 لیرەی توركی لە بۆڕسەكانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ كراوە، لە بازاڕی ئازادیشدا تا 799 نرخەكەی دابەزیوە و مامەڵەی پێوە كراوە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ سەرەتای هەفتە بوو لە توركیا بەهۆی ئەوەی ڕۆژانی شەموو و یەكشەم بانكەكان دادەخرێن، ئەمڕۆ لە بەیانییەوە زیاتر لە 20 میلۆن دۆلاری ئەمەریكی لە تەواوی بانكە حكوومییەكان لەلایەن هەژماری تایبەتەوە ڕاكێشراوە، بەجۆرێك خەڵك ترسی بۆ دروست بووە لە پارەدانان لە بانكەكان.

دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی لیرە لەژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و هەڵگیرساندنی جەنگی جۆراوجۆر لە لایەك و سیاسەتەكانی ناوخۆ لەلایەكی تر بووە، ئەم دابەزینەیش چەند ساڵێكه بەردەوامە‌، بۆیە گومان دەكرێت حكوومەتی ئەو وڵاتە پەنای بردبێتەبەر چاپكردنی پارە لە ناوخۆی وڵات.

پێشتر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا كاتێك دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانیش تێكچوو، ئەو هاووڵاتییانەی پارەیان لە بانك دانابوو، دەستیان بە كێشانەوەی پارەكانیان كرد و ترسیان هەبوو بانك پارەی تێدا نەمێنێت، بەڵام ئێستە خەڵك بەپێچەوانەوە جارێكی تر دەستیان بە دانانی پارە لە بانكەكان  كردووەتەوە، ئەمەیش بۆ متمانەی هاووڵاتییان بە حكوومەتی وڵاتەكەیان دەگەڕێتەوە.

ئێستە زۆربەی كۆمپانیاكانی فرۆشتنی خانوو و زەوی كڕین و فرۆشتنیان ڕاگرتووە، جگە لەوەیش زۆربەی شوێنە گەشتیارییەكانی توركیا مامەڵەی ڕاستەوخۆ بە دۆلاری ئەمەریكی و یۆرۆوە دەكەن بەهۆی بەردەوامی لە دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر دراوە بیانییەكان.


وشە - محەمەد میران