ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەر لە كۆتایی 2020 ئامادە دەبێت

:: PM:08:04:21/09/2020 ‌

تا ئێستە ژمارەی قوربانیانی پەتای كۆرۆنا لە دنیا روو لە هەڵكشانە و كۆمپانیاكان لە كێبەركێدان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسەكە، بەتایبەتی كاتێك دنیا بەرەو دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن و دەركەوتنی دووەم شەپۆڵی ڤایرۆسەكە و تێكەڵبوونی لەگەڵ ئینفلەوەنزای وەرزی دەچێت، سەرۆكی تیمی پەرەپێدەری ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا دووپاتی كردەوە، بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ڤاكسین بەردەست دەبێت.
شەش جۆر ڤاكسین لە تاقیكردنەوەدان
مونسیف سیلاوی، سەرۆكی تیمی ئەمەریكی راسپێردراو بۆ پەرەپێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لە لێدوانێكی بۆ "سكای نیوز عەرەبی"، گوتی، ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەر لە كۆتایی 2020 ئامادە دەبێت، ئەوەیش هەر بە تەواوبوون و تێپەڕكردنی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان، ئاماژەی كرد، ئێستە شەش جۆر ڤاكسین لە تاقیكردنەوەدان.

زیاتر گوتی، ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا دوای تەواوبوونی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان بەردەست دەبێت، ئەگەرچی ناتوانین پێشبینی وادەی دەركەوتنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان بكەین، بەڵام من دەڵێم وەك دوورترین ئەگەر ڤاكسین لە نێوان تشرینی یەكەم و دووەم و كانوونی یەكەمی داهاتوو ئامادە دەبێت، من گەشبینم ڤاكسین بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەبێت. 

شایەنی باسە لە ئایاری رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، مونسیف سیلاوی، زانای مەغریبی بە سەرۆكی تیمی پەرەپێدەری ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لە كۆشكی سپی دامەزراند.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل