سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵوێزی یەكێتیی ئەوروپا دۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن

:: PM:12:08:22/09/2020 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵوێزی یەكێـتی ئەوروپا دەكات و گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهاتەكانی گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق كرا.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مارتن هووس باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، هەنگاوەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، مەترسییەكانی تیرۆر و جموجووڵەكانی داعش، پرۆسەی سیاسی و ئەركی حكوومەتی تازەی عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی داهاتووی وڵات، تاوتوێ كران.

بەغدا بە تەنیا بابەتی مووچە و بودجە نییە و سەقامگیریی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتی پێكەوە بەستراون 
دواین پێشهاتەكانی گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، تێیدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتی مووچە و بودجە نییە و سەقامگیریی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتی پێكەوە بەستراون، یەكێتیی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوكاریی عێراق بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی عێراق دەربڕی، لەبارەی چەند تەوەرێكی تری وەك پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ڕۆڵی یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی ئەوروپی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.



وشە - رامیار جەواد