ناڵپارێز.. زیاتر لە شەش هەزار دۆنم دارستان لەناو چوون

:: PM:04:50:22/09/2020 ‌
لە ناوچەی ناڵپارێزی پێنجوێن، زیاتر لە شەش هەزار دۆنم دارستان كە زۆربەی سنەوبەر و گۆژن سووتان و بە تەواوەتی لەناو چوون.
تا ئێستە ئامێرێكی گڕكپ كە بایی 500 دۆلارە لە شارەدێی ناڵپارێز نییە

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول، رێبوار كەمال سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە كە تاكە رێكخراوی ژینگەیی سنووری پێنجوێنە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگر لە گوندەكانی سەركان و گەوڕان و دارەبەن و هەرزەلە و كانی مانگ و كانی سێف و كانی شابان و ئەحمەد كلوان كە دەكەونە سنووری شارەدێی ناڵپارێز و بەشێكی تریشیان لە نزیك سەنتەری شارۆكەی پێنجوێنن، زیاتر لە شەش هەزار دۆنم زەوی، دارستان كە سنەوبەر و گۆیژی تێدایە، سووتان و لەناو چوون.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەلایەن ئەندامانی رێكخراوەكەمان و بنكەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز و گوندنشینان، ئاگرەكان دوای چەندان سەعات كۆنتڕۆڵ كرد و بوونی مین هۆكار بوو لەوەی نەتوانرێ بە خێرایی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

"ناكرێت ماوەی چەندان رۆژ لە سنووری ئیدارەیەك ئاگر دارستان و ڕەز و باخ و زیندەوەران بكاتە قەرەبرووت و هەزاران گۆیژی پشت گوندی كانی مانگ بسووتێ و دەیان هەزار داربەڕوو ئاگر بگرن، لێپرسراوی یەكەی ئیداری لە قایمقامییەتی پێنجوێن و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی ناڵپارێز، تەنانەت لە دووریی چەند كیلۆمەترێك نەیەنە دیار ئەو ئاگرە و خەمێك نەخۆن و ڕێوشوێنێك نەگرنەبەر". رێبوار كەمال وای گوت.

سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە دووپاتی دەكاتەوە، شەرمە تا ئێستە ئامێرێكی گڕكپ كە بایی 500 دۆلارە لە شارەدێیەكی وەك ناڵپارێز نەبێت، چەندان ساڵە داوامان لە حكوومەت كردووە پڕۆژەی پاراستنی دارستانەكان ئامادە بكرێت كە بەچەندان شێوە دەتوانرێ پارێزگاری لە دارستانەكان بكرێت و هەر نەكراوە.

شارەدێی ناڵپارێز، نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە شاری پێنجوێنەوە دوورە و زیاتر لە 50 گوند لەخۆ دەگرێت و خاوەنی رووبەڕێكی زۆری دارستان و سنەوبەرە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان