"كەس ناتوانێ شانازی ریفراندۆم لە كورد وەربگرێتەوە"

:: PM:04:53:22/09/2020 ‌
چاودێران و رۆژنامەنووسانی سلێمانی لە بارەی لێدوانە دژەكانی ئارێز عەبدوڵا بۆ دادگایی ئەوانەی ریفراندۆمیان كردووە دەڵێن، ئارێز عەبدوڵا هەمان قسەی دەوڵەتە داگیركەرەكان دەكات و ئەمەش بچووكبوونەوە و خۆ تەسلیمكردنە بەو دەوڵەتانە و دەشڵێن، كەس ناتوانێت شانازی ریفراندۆم لە كورد وەربگرێتەوە.
با ئارێز دادگایی ئەو ناپاكانە بكات كە داڕێژەری پیلانی گڵاوی 16ی ئۆكتۆبەر بوون

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول، حوسێن مام ئەنوەر چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ریفراندۆم گەورەترین شانازییە لە مێژووی كورددا كە دەرەنجامەكەی لە ماوەكانی داهاتوودا دەبینین، ئارێز عەبدوڵا لە جیاتی ئەوەی دادگایی ئەوانە بكات كە ریفراندۆمیان كرد، با دادگایی ئەو ناپاكانە بكات كە داڕێژەری پیلانی گڵاوی 16ی ئۆكتۆبەر بوون و نیوەی خاكی كوردستانیان هەڕاج كرد و فرۆشتیان.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئینسان هەق نییە كە ئایدۆلۆجیای حزبی وا بەسەریدا زاڵ بێت، مافێكی رەوای گەلەكەی كە خۆی لە ریفراندۆم و سەربەخۆبووندا دەبینێتەوە، بە تاوانی لە قەڵەم بدات، بە بۆچوونی من كە گەیشتە ئەوەی ئەو لێدوانانەی پێ بدرێت، هەزار حزب بكاتە قوربان دایكێكی شەهید و پێشمەرگەیەكی لە خوێن هەڵكێشراو باشترە.

ئیمداد عەبدوڵا رۆژنامەنووس بە "وشە"ی راگەیاند، پرۆسەی گشتپرسی و بابەتی سەربەخۆیی كوردستان هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی یار و نەیاری خۆی هەبووە، بەڵام لە 25ی ئەیلوول گەلی كورد بەجۆش و خرۆشەوە قسەی خۆی كرد و داوای سەربەخۆیی خۆیان كرد.

وەك ئاماژەی پێ دەدات، ئەوەی جێی داخە بەشێك لە سەركردە و سیاسییە كوردەكان بێ هیچ سڵەمینەوەیەك دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەردەبڕن و تا ئێستەشی لەگەڵ بێت، لێدوانی جۆراوجۆر دەدەن و دژی ڕیفراندۆم قسە دەكەن.

"رەنگە ئارێز عەبدوڵا بێ ئاگا بێت لەوەی ئەم داوایەی ئەو هەمان داوای دەوڵەتە داگیركەر و دژە كوردەكانە، نازانم ئەم خۆ بچووككردنەوە و تەسلیمبوونە بە دەوڵەتانی وەك توركیا و ئێران و بەشێك لە شیعەكانی عێراق لەپای چی؟ ئەوانیش چ لە ڕابردوو و چ ئێستەش داوای دادگاییكردنی ئەو كەسانە دەكەن كە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داوە". ئیمداد عەبدوڵا وای گوت.

ئەو رۆژنامەنووسە كوردە دووپاتی دەكاتەوە، نە ئارێز عەبدوڵا و نە هیچ دەوڵەتێك ناتوانێ ئەو شانازییە لە گەلی كورد وەربگرێتەوە كە سێ ساڵ لەمەوبەر تۆماریان كردووە، كارتی ڕیفراندۆم تاپۆیەكی ڕەشە لە گیرفانی هەموو نیشتمانپەروەرێك و ڕۆژێك دێت هەر كاری پێ دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان