ترەمپ: چین بەرپرسە لە بڵاوكردنەوەی كۆرۆنا و پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت

:: PM:07:12:22/09/2020 ‌

لە كۆتایی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ووهانی چینییەوە بەرەو تەواوی دنیا بڵاو بووەوە و تا ئێستا ملیۆنان تووشبوو و سەتان هەزار مردنی لێ كەوتووەتەوە، جیا لە زیانی دارایی و ئابووری، لەوكاتەی هێشتا دنیا لە ژێر كاریگەریی پەتاكەدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا داوا لە دنیا دەكات بۆ لێپرسینەوەكردن لەگەڵ چین، بەو پێیەی بەرپرسیارە لە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
گەشتە ناوخۆییەكانی قەدەغە كرد و رێگەی بە گەشتەكانی دەرەوە دا
ترەمپ لە وتەیەكی لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ چین بكەین بەهۆی ئەوەی بەرپرسە لە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، چونكە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، گەشتە ناوخۆییەكانی قەدەغە كرد، كەچی رێگەی بە فڕۆكەكان دا بۆ دەرەوەی چین و بڵاوكردنەوەی پەتاكە لە دنیا. 

روونی كردەوە، حكوومەتی چین و رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە نزیكەی چین بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كردووە، بەهەڵە رایان گەیاند كە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی پەتاكە لە نێوان مرۆڤدا دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لێپرسینەوە لەگەڵ چین بكات بەرانبەر بەو كارانەی و ئەوانەیشی هێرش دەكەنە سەر تۆماری ژینگەیی ئەمەریكا، كردەوەكانی چینیان فەرامۆش كردووە.

ترەمپ دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم گەورەترین هەڵمەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە ساز كردووە و ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنایش لە دوایین قۆناغەكانی تاقیكردنەوەدایە، بۆیە ڤاكسین دابەش دەكەین و بەسەر ڤایرۆسەكە سەردەكەوین و سنوورێك بۆ پەتاكە دادەنێین و دەچینە ناو قۆناغێكی نوێ لە گەشەسەندن و ئەمەریكا هەمیشە لە بواری ئازادییەكان پێشەنگ دەمێنێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل