چاكسازییەكانی حكوومەتی عێراق سوودیان نەبوو و قەرزی زیاتر دەكرێت

:: PM:08:25:22/09/2020 ‌

بەپێی سەرچاوەكان مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی عێراق بەهۆی پەسندنەكردنی بودجەی 2020 و نەبوونی وشكەپارەوە دوا دەكەوێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش باسی ئەوە دەكات كە چاكسازییەكانی حكوومەت نەیانتوانی پارەیەكی زۆر بگەڕێننەوە گەنجینەی دەوڵەت و پێویستە قەرزی زیاتر بكرێت.
خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول وەستاوە
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بە"وشە"ی راگەیاند، داهاتی دەوڵەتی عێراق بەشی مووچە و كۆرۆنا ناكات، چونكە پێویستە 5.5 ملیار دۆلار هەبێت، ئەوەی دێت ناگاتە 4.5 ملیار دۆلار، بەلایەنی كەم هەموو مانگێك عێراق پێویستی بە سێ تا سێ و نیو ملیار دۆلاری زیاتر هەیە بۆ بودجەی حكوومەت، ئەوەی مووچەیش بەتەنیا نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە، بۆیە كورتهێنان هەیە و حكوومەت هیچ چارەسەرێكی نییە جگە لە قەرزكردن.

زیاتر گوتی، ئەو چاكسازیانەی حكوومەت ئەنجامی داوە، تا ئێستە شتێكی وای نەگەڕاندووەتەوە گەنجینەی دەوڵەت، هەرچی قەرزە، كەس قەرزی دەرەكی نادات، قەرزی ناوخۆییش تەواو بووە كە 15 ترلیۆن دینار حكوومەت رای كێشاوە، بۆیە پێویستیان بە یاسایەكی ترە لە چوارچێوەی یاسای بودجە بۆ ئەوەی قەرزێكی تر بكەن، ئەوان داوای 27 ترلیۆن دیناری تریان كردووە.

لەوناوەدا سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی عێراق وەستاوە و چاوەڕوانی پەسندكردنی بودجەی 2020ی عێراق لە پەرلەمان دەكات، روونی كردەوە، وەزارەتی دارایی تا پەسندكردنی بودجەكە، دابەشكردنی مووچەی وەستاندووە و كەمی وشكە پارە وای كردووە دابەشكردنی مووچە دوا بكەوێت.  

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفاڕ، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، بەپێی زانیارییەكان بەپشت بەستن بە قەرزی ناوخۆیی، بۆ ئەم مانگەیش وشكە پارە هەیە بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و بۆ مانگەكانی داهاتوو پشت بە پەسندكردنی بودجە دەبەستێت، چونكە پڕۆژەی بودجە رەوانەی پەرلەمان كراوە و پێشبینی دەكەین لە ماوەی مانگێكدا پەسند بكرێت، بۆیە هەردواكەوتنێك بەهۆی وەزارەتی داراییەوەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل