دەیان خێزانی داعش بۆ كەركووك گوازراونەتەوە

:: AM:09:37:23/09/2020 ‌
حزبی شیوعی كوردستان ڕاگەیەنراوێك لەسەر دۆخی كەركووك بڵاو دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، دۆخی شارەكە بە تەواوەتی بە عەرەب كراوە و بە دەیان بیانووی جیاواز كورد لە پۆستەكان لادەبرێن و عەرەب لە شوێنەكانیان دادەنرێن، دەیان خێزانی داعش بۆ شارەكە گوازراونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی حزبی شیوعی كوردستاندا هاتووە، بەداخەوە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارێزگای كەركووك كەوتووەتە بەردەم شاڵاوێكی پلان بۆداڕێژراوی تەعریبكردن و داگیركارییەوە.

مەترسی گەورەیان خستووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی كورد و دیموگرافیای پارێزگای كەركووك
ڕوون كراوەتەوە، گۆڕین و دەركردنی بەڕێوەبەری كورد لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەوڵەت و دانانی عەرەب و توركمان لە شوێنیان، هاندان و پاڵپشتیكردنی عەرەبی هاوردە بۆ پەلاماردانی گوندە كوردنشینەكانی حەفتەغار و پەڵكانە و خەرابە و  شوێنەكانی تر، هەروەها زەوینە خۆشكردن و رێدان بەهەزاران خێزانی عەرەبی دەرەوەی كەركووك بە داگیركردنی زەویی موڵكی گشتی و دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوون بەزیادەڕۆیی، مەترسی گەورەیان خستووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی كورد و دیموگرافیای پارێزگای كەركووك.

باس لەوەش كراوە، بەپاساوی ئاوارەبوون و دەربەدەربوون و شەڕی تیرۆرەوە، بەدەیان هەزار خێزانی عەرەب خزێنراونەتە ناو شارەكەوە، بەشێك لەم خێزانانە كەسوكار و هاوكار و پشتیوانی چەكدارانی داعشن، هەموو ساتێك مەترسین بۆ سەر دۆخی تەناهیی شارەكە.

ئەو حزبە ئەوەش ڕادەگەیەنێت، ئەو ڕووداوانە زەنگێكی مەترسیدارن بۆ سەر ئەو برایەتی و پێكەوەژیانەی مێژوویەكی دوور و درێژە لەم پارێزگایەدا لە نێوان پێكهاتەكانیدا رەگی داكوتاوە، بە تایبەتی كاتێك رۆژی 21ی ئەم مانگە بە سەدان عەرەبی چەكدار لە پێشچاو یان بە پاڵپشتی هێزە عێراقییەكان هەوڵی داگیركردنی خانوو و ماڵ و زەویوزاری جووتیار و دانیشتووانە رەسەنەكانی گوندی خەرابەیان دا.

"رای دەگەیەنین و نایشارینەوە كە مەترسی رژدمان هەیە لەسەر تەقینەوەی دۆخەكە و لە كۆنترۆڵ دەرچوون ئەگەر بەزووترین كات چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەم كێشەیە نەدۆزرێتەوە". لە ڕاگەیەنراوەكەی حزبی شیوعیدا هاتووە.




وشە - رامیار جەواد