سنەوبەرەكانی شارەدێی تەكیە ئاگر دران

:: PM:01:34:23/09/2020 ‌
سووتاندنی دار سنەوبەرەكان لە سلێمانی و دەوروبەری بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا لە شارەدێی تەكیەی كاكەمەندی سەربە شارۆكەی چەمچەماڵ، دار سنەوبەرەكان سووتێنراون و بەڕێوەبەری شارەوانییەكان دەڵێت، نازانرێ كێ ئەو كارەی كردووە و مەبەست لەو كارە چی بووە.
تا ئێستە كەس لەسەر ئەو كارە نەگیراوە

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، كەمال مستەفا بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دارستانەكەی تەكیەی كاكەمەند لە چەمچەماڵ و سنەوبەرەكانی، لەلایەن دەستێكی نادیار و بەشێوەیەكی نابەرپرسانە سووتێنراون و ئاگریان تێبەر دراوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەوە ژمارەیەك لە دار سنەوبەرەكانی دارستانەكە سووتاون و زیانێكی زۆری بە سروشت و ژینگەی ناوچەكە گەیاندووە، نازانرێت كێ ئەو كارەی كردووە و مەبەست لەو كارە چی بووە.

"داوامان كردووە لایەنە پێوەندیدارەكان و شارەدێ لێكۆڵینەوە لە سووتانی ئەو دار سنەوبەرانە بكەن، ناكرێ سروشتی ناوچەكە تێكبدرێت ئەگەر كەسێك مەرامێكی نەبێت، تا ئێستە كەس لەسەر ئەو كارە نەگیراوە، شارەوانیی ناوچەكەش بەردەوامە لە ئاودانی دارەكان تا زیندوو ببنەوە". كەمال مستەفا وای گوت.

لە ماوەی رابردوودا لەلایەن كەسانی نادیارەوە هەڵمەتی سووتاندنی دارستانەكانی سلێمانی دەستی پێ كردووە و لە ماوەی دوو هەفتەدا دار سنەوبەرەكانی گۆیژە و تاسڵووجە، ئاگریان تێبەر دراوە و بەهۆیەوە بە هەزاران دار سنەوبەر سووتاون. بە گوتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش، ئەو كارە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت كراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان