دوو كەس بە 10 كیلۆ مادەی هۆشبەرەوە گیران

:: PM:02:28:23/09/2020 ‌
تیمەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، دوو كەسیان لە ناوچەی سیدەكان گرت كە زیاد لە 10 كیلۆ مادەی هۆشبەریان پێ بووە.
جۆری مادەکە هێرۆیین بوو نیازیان هەبوو لە توركیا داخلی کوردستانی بکەن

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، سدیق خۆركی بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهەوڵی تیمەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی سۆران، لە ناوچەی بەرمیزە لەسەر سنووری شارەدێی سیدەكان، دوو كەس بەهۆی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەرەوە گیران.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران دەڵێت، دوو كەسەكە ویستوویانە 10 كیلۆ مادەی هۆشبەری جۆری هێرۆیین لە توركیا داخلی  شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، خۆشبەختانە توانرا هەردوو كەسەكە كورد بوون بە مادەی هۆشبەرەوە بگرن و رووبەڕووی دادگایان دەكەینەوە.

ئەو بەرپرسەی ئاسایش هاووڵاتییانی دڵنیا كردەوە كە هەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەرقەراری تەناهی گشتی و پارێزگاری لە سەروماڵیان و رێ نادەن هیچ جۆرە مادەیەكی هۆشبەر بهێنرێتە سنوورەكە.

سۆران بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ وڵاتانی توركیا و ئێران، بەردەوام هەوڵی هێنانە ژوورەوەی مادەی هۆشبەری بۆ هەرێمی كوردستان لێوە دەدرێت، بەڵام بەهۆی وشیاری تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی  ئاسایشی سۆران، رێ بە دزەپێكردنی نادرێت و ئەوانەیش بازرگانی پێوە دەكەن، دەگیرێن و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان