هۆكاری كشاندنەوەی پڕۆژەی بودجەی 2020ی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:03:43:23/09/2020 ‌

دوای ئەوەی لە 21ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان كرد بۆ تاوتوێكردنی، دوێنێ پڕۆژەكەی كشاندەوە، پەرلەمانتارێك هۆكاری كشاندنەوەی پڕۆژەیاساكە ئاشكرا دەكات.
رێژەی كورتهێنان لە بودجەكە 45%یە
محەمەد شەیاع سوودانی، پەرلەمانتاری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، حكوومەتی عێراق دوای رۆژێك لە رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق، لە پەرلەمان كشاندەوە، هۆكاری كشاندنەوەی پڕۆژەكە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییە، كە لە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و هێزە سیاسییەكان دەركەوت رێژەی كورتهێنان لە بودجەی 2020 زۆرە و حكوومەت هیچ چاكسازییەكی ئابووری نەكردووە. 

زیاتر گوتی، حكوومەت بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی ناو پڕۆژەكە، پشتی بە قەرزكردن لە یەدەگی بانكی ناوەندی بەستووە، ئەوەیش پرۆسەیەكی مەترسیدارە و كاریگەری بۆ سەر دۆخی دارایی وڵات هەیە.

ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێكدا كشاندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق لە پەرلەمان راگەیاند و گوتی، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك بەسەر پڕۆژەكە، داوا لە ئەمینداریەتی پەرلەمان دەكەین بۆ پاشەكشەكردنی پڕۆژەی بودجەی 2020. 

شایەنی باسە پڕۆژەی بودجەی 2020ی عێراق كە بۆ چەند مانگی ماوی ئەمساڵە، لە 14ی ئەم مانگە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كرا و 21ی مانگ رەوانەی پەرلەمان كرا، كە بەپێی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان رێژەی كورتهێنان لە بودجەكە 45%ە و تەنیا خەرجییەكانی مووچە و پسوولەی خۆراك و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەخۆ دەگرێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل