فەرماندە سەربازییەكان گوێڕایەڵی وەزارەتی بەرگری نابن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان

:: PM:04:55:23/09/2020 ‌
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە دەڵێ، فەرماندە سەربازییەكانی عێراق بە هۆكارگەلی جیا پابەندی هەنگاوەكانی وەزارەتی بەرگری عێراق نین.
فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەژێر ركێف و فەرمانی سەرووی خۆیان نین

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، محەمەد رۆستەم ئەندامی لیژنەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی بەرگریی عێراق سوورە لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان و بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام زۆرینەی فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ئاستی خوارەوەدا لەژێر ركێف و فەرمانی سەرووی خۆیان نین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، هۆكاری پابەندنەبوونی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق، پێوەندی بە گۆڕانكارییە خێراكانی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە هەیە لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان و بەتایبەت پارێزگای دیالە، بەدەر لەوە كاریگەری بیری مەزەوی و كاریگەری هێزی ناو حەشد لەسەر فەرماندەكان.

سەرۆكی لیژنەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نایشارێتەوە، خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان لە بەردەم مەترسی داعشدان، ئەوەی كارئاسانی بۆ داعش كردبێ، بوونی بۆشایی تەناهییە لە نێوان پێشمەرگە و سوپا.

لوقمان محەمەد پاڵانی نوێنەری هاووڵاتییانی ناوچەی شێخ باوە لە نێوان شارەدێی كوڵەجۆ و گوڵاڵە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، بەهۆی بۆشایی تەناهی لە نێوان پێشمەرگە و سوپا، وەك هاووڵاتییانی ناوچەكە بۆ خۆمان بووینەتە هێزی چەكدار.

نیهاد محەمەد گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، داعش سوودی لە بۆشایی تەناهی وەرگرتووە، بۆیە ئێمە وەك پۆلیسی دیالە كە ئەركمان پاراستنی ناوخۆی شارۆكەكانە، بووینەتە هاوكاری سوپا و هێزەكانی تر لە ئۆپراسیۆنەكان.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان