هۆزە عەرەبییەكان: ریفراندۆم خواستی گەلە و كەس ناتوانێ دەستبەرداری ببێت

:: PM:07:06:23/09/2020 ‌

لە سێیەم ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی گەلی كوردستان و "بەڵێ"یان بۆ سەربەخۆیی لە یەكێك لە جوانترین و شارستانەترین كەرنەڤالی مێژوویدا، پێكهاتەكان دووپات لە خۆشحاڵی خۆیان دەكەنەوە، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەڵێت، قبووڵی ژیان لەگەڵ عێراق ناكەین، بەڵكو بەردەوامین لەسەر خواستی سەربەخۆیی.
ریفراندۆم پاشگەزبوونەوەی تیادا نییە، چونكە چارەنووسە
شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی گوت، سێیەم ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هاتەوە، ئەوكاتەی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر بڕیاری سەربەخۆیی رێككەوتن، هۆكارەكەی ئەو ستەمە و پێشێلكارییە بوو كە حكوومەتەكانی عێراق بەرانبەر گەلی كوردستان دەیان كرد، چونكە لەوەتەی كۆماری عێراق دامەزراوە گەلی كورد ستەمی لێ دەكرێت.

زیاتر گوتی، وەك پێكهاتەی عەرەب و ئەوانیتریش، كاتێك ئەو ستەملێكراویەمان بینی، خۆمان بە ستەملێكراو زانی، بۆیە ئەوكاتەی بەشداریمان لە ریفراندۆم كرد، شێوازی مامەڵەكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان هێنایە بەرچاو، تەنانەت وای دەبینین كە كوردستان نەوەك دەوڵەت، بەڵكو ببێتە شانشینێك، چونكە سەركردە و فەرمانڕەوایەكی دادوەری تیادایە كە جیاوازی لە نێوان عەرەبێك و كوردێك یان ئاین و نەتەوەكانیتر ناكات.

"ریفراندۆم زیندووە و گەلی كوردستان بە عەرەبیشەوە دەستبەرداری نابن، تەنانەت ئەگەر لایەنیش هەبن بانگەشەی دەستبەرداربوون لە ریفراندۆم بكەن، كەس ناتوانێت دەستبەرداری بكات، چونكە ئەوە ویستی گەلە و ئەو هەڵیبژاردووە و قبووڵی ریفراندۆمەكی تریش ناكەین، ئێمە لە 25ی ئەیلووای 2017 دەنگمان دا، كە دەنگی گەلی كوردستانە و رێگای خۆی دیاری كرد، بۆیە سەرۆك بارزانی و هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە ریفراندۆم پاشگەز نابنەوە، چونكە چارەنووسە"، حوێت وای گوت.

حوێت دووپاتی كردەوە كە ئەوكاتەی داعش چووە ناو پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق و چەندان تاوانی دژ بە خەڵكەكە ئەنجام دا، بەهەمان شێوە لە ناوچەكانی ئێزیدی، پێشمەرگە دەیان شەهید و برینداری دا بۆ رزگاركردنەوەی ئەو ناوچانە و سەرۆك بارزانی دەرگەی لەبەردەم ئاوارەكانی عەرەب بەتایبەتی سوننە، كردەوە و پارێزگاری لێ كردن، بۆیە وەك عەرەب بەشداریمان لەو رۆژە مەزنە كرد كە ریفراندۆمێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو كەرنەڤاڵێك بوو و پیر و پیاو و ژن بەشداریان تیایدا كرد.

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان روونی كردەوە، وەك هۆزە عەرەبییەكان و پێكهاتەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان قبووڵی ژیان لەگەڵ عێراق ناكەین، بەڵكو بەردەوامین لەسەر خواستی سەربەخۆیی و داوای جێبەجێكردنی مادەی 140 دەكەین، ئێستەیش كوردستان لە كاروانی ئاوەدانكردنەوە بەردەوامە و چاوەڕوانی باشتری لێ دەكرێت.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل