له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی بۆرسه‌ی جیهانی، ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی ڕه‌ش ده‌بێت بۆ دراوی لیره‌ی توركی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو 14 لیره زیاتر له دوو ڕۆژی ڕابردوودا له نرخه‌كه‌ی دابه‌زی.
به‌های دراوه‌كه له ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 2020دا %40 دابه‌زیوه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 24ی ئه‌یلوول، موراد سوڵتان له بۆرسه‌ی باكوری توركیا له ویلایه‌تی ترابزۆن به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌یانی ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره زیاتر به‌رز بووه‌وه و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به 773 لیره‌ی توركی له بۆڕسه‌كانی توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، له بازاڕی ئازادیشدا تا 800 نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه و مامه‌ڵه‌ی پێوه كراوه.
زیاتر گوتی، "له ته‌واوی ته‌مه‌نمدا هیچ كات لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌مشێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌های دراوه‌كه له ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 2020دا، %40 دابه‌زیوه."
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، له هه‌رێمی كوردستاندا ئێسته 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر 765 لیره‌ی توركی ئاڵوگۆڕی پێوه ده‌كرێت.
دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره له‌ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر بووه، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه، بۆیه گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته په‌نای بردبێته‌به‌ر چاپكردنی پاره له ناوخۆی وڵات.
ئێسته زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی فرۆشتنی خانوو و زه‌وی له توركیا، كڕین و فرۆشتنیان ڕاگرتووه، جگه له‌وه‌یش زۆربه‌ی شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی توركیا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ به لیره‌ی توركی ده‌كه‌ن به‌هۆی به‌رده‌وامی له دابه‌زینی نرخی لیره به‌رانبه‌ر دراوه بیانییه‌كان.