بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن تیمەكانی هاتوچۆ ژمارەیەك زۆر لە ماتۆڕسكیلی هاتوچۆ دەستیان بەسەردا گیرا كە سەرجەمیان دەستكاری كرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی ئەیلوول، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هەڵمەتێكی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە چەند شارەدێیەكی هەولێر، دەست بەسەر 62 ماتۆڕسكیل گیرا.
سەرجەم ماتۆڕسكیلەكان برانە گەراجی دەست بەسەرداگرتنی هاتوچۆی هەولێر
ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆی هەولێر گوتی، سەرجەم ماتۆڕسكیلەكان لەوانە بوون كە دەستكاری گزۆزیان كرابوو بۆ دەنگ گەورەكردن، هەروەها پێشبڕكێ و نمایشیان پێ دەكرد لەناو گەڕەكەكان.
باسی لەوەش كرد، ئەو ماتۆڕسكیلانە سەرەڕای مەترسییەكانیان، خەڵكیشیان هەراسان كردبوو، سەرجەم ماتۆڕسكیلەكان برانە گەراجی دەست بەسەرداگرتنی هاتوچۆی هەولێر.
ڕوونی كردەوە، داواكارین دایك و باوكان ڕێ نەدەن منداڵەكانیان ماتۆڕسكیلی بێ تابلۆ لێبخورن یان بیكڕن، چونكە لەرووی یاساییەوە هێزە تەناهییەكان بەگشتی و هاتوچۆ بەتایبەتی رێپێدراون بەدەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان.