سیاسەتمەدار و مامۆستایانی زانكۆ پەیامەكەی سەرۆك وەزیران بە گرنگ وەسف دەكەن

:: AM:11:21:24/09/2020 ‌
دوای بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەدەمەوەچوونی كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەو پەیامەی سەرۆكی حكوومەت بە گرنگ وەسف كرا و مامۆستایانی زانكۆ و كەسایەتییەكانیش پێشوازی لەو پەیامە دەكەن.
پەیامەکەی سەرۆک وەزیران بۆ پشتیوانی ناوچە کوردستانییەکان کارێکی گرنگە

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، عومەر ئەحمەد پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگ و كاریگەر دەبێت، ئێستە كورد لە ناوچە كوردستانییەكان رووبەڕووی تۆقاندن و ترساندن و داگیركردنی موڵك و ماڵیان دەبنەوە لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەكان.

زیاتر روونی دەكاتەوە، زۆر گرنگە سەرۆكی حكوومەت پێوەندی بگرێت لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و ئەوروپا لەسەر ئەو برا كوردانەمان، بۆ ئەوەی چیتر ئازار نەدرێن و رووبەڕووی داگیركردنی زەویوزار و موڵكیان نەبنەوە، ناكرێ وڵاتێكی وەك عێراق كە فیدراڵە، بڕیارەكانی سەردەمی بەعسی هەڵوەشاندبێتەوە، بەڵام جارێكی تر عەرەبی هاوردەكان بهێننەوە و دەستدرێژی بكەنە سەر موڵكی كوردەكان.

 مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانێكە كوردە نیشتەجێبووەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ستەمیان لێ دەكرێت و خانوو و موڵك و زەویوزاریان لە لایەن عەرەبە هاوردەكانەوە لێ دەسەندرێتەوە.

ئەو سیاسەتمەدارە دووپاتی دەكاتەوە، هەرچەندە دەبوو كابینەی رابردوو ئەو كارەی بكردایە و بەدەمەوەچوونی هەبوایە، هاوكات پشتیوانی بكردنایە، بەڵام ئێستە كە سەرۆكی حكوومەت ئەو پەیامەی ئاراستە كردووە، شتێكی باشە و گرنگ دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان