ژمارەیەك لە جووتیاران لە دژی هێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی بە تایبەت پەتاتە لە دەرەوە، لە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ گرد بوونەوە و وەزیری كشتوكاڵیش دەڵێت بابەتەكە سیاسییە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی ئەیلوول، ژمارەیەك لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ گرد بوونەوە و داوای وەستاندنی هێنانی پەتاتەیان دەكرد لە مەرزەكان.
وەزارەتەكانی تر مەرزەكانیان لە دەستە نەك من، من پاراستنی عەلوەكانم لە دەستە، بۆیە ئەو بابەتە سیاسییە
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ گوتی، ئێمە وەك وەزارەتی كشتوكاڵ مەرزەكانمان لە دەست نییە، وەزارەتەكانی تر مەرزەكانیان لە دەستە نەك من، من پاراستنی عەلوەكانم لە دەستە، بۆیە ئەو بابەتە سیاسییە.
ئامادەبووانی گردبوونەوەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە بەروبوومی دەرەوە بەتایبەت پەتاتە، بەنایاسایی دەهێنرێتە هەرێمەوە و داوا دەكەن قەدەغە بكرێت بەهۆی ئەوەی خەرجییەكی زۆریان لە بەروبوومەكانیان كردووە، ئێستە بەهۆی هێنانی بەروبوومی دەرەوە، هی ئەوان نرخەكانیان هەرزانە و بەمەش زیانێكی زۆریان پێ دەگات .
لە ڕابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵ فەرمان و رێنوێنیی دەركرد بۆ ئەوەی لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێم، هەندێ لە سەوزە و میوە نەهێنرێنە هەرێمەوە، بەڵام لە چەند مەرزێكەوە بەشێوەی نایاسایی سەوزە و میوە دەهێنرێتە ژوورەوە و بەمەش جووتیارانی هەرێم تووشی زیان دەبن.