بەهۆی خزمەتنەكردنی پاركی هەواری شار لە سلێمانی، مەترسی سووتان و لەناوچوونی لەسەرە، بەڕێوەبەری پاركەكەش رای دەگەیەنێت، ئەو كۆمپانیایەی خزمەتی پاركەكەی دەكرد، مانگێك پێش تەواوبوونی وادەی خۆی، بەجێی هێشت و ئەگەر بە هانامانەوە نەیەن، پاركەكە لەناو دەچێت.
پاركەكە رووبەڕووی كێشە بووەتەوە و ئێستە هیچ خزمەتێك ناكرێت
پاركی هەواری شار یەكێكە لە پاركە گەورەكانی سلێمانی و دەكەوێتە لای گەڕەكی هەواری شار و لەسەر رووبەری چوار هەزار دۆنم دروست كراوە، بە هەزاران داری تێدایە و بەشێكی زۆری پاركەكە ئێستە بێ خزمەتە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، رێبین جەلال بەڕێوەبەری پاركی هەواری شار بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی خزمەتنەكردنی، پاركەكە رووبەڕووی كێشە بووەتەوە و ئێستە هیچ خزمەتێك ناكرێت و رۆژانە كورسی دەشكێت و دار و سەوزاییەكەی مەترسییان لەسەرە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو كۆمپانیایەی خزمەتی پاركەكەی دەكرد، مانگێك پێش تەواوبوونی وادەی خۆی، كارەكەی بەجێهێشتووە و رۆیشتووە، ئێستە هیچ خزمەتێكی پاركەكە ناكرێت و بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رووبەڕووی لەناوچوون و بگرە سووتان و فەوتانیش دەبێتەوە.
"داوامان كردووە بودجەمان بۆ تەرخان بكەن و پێویستمان بە زیاتر لە یەك ملیار دینارە بۆ ئەوەی كێشەی خزمەتی پارەكەكە چارەسەر بكرێت، بە پێچەوانەوە لە بەردەم مەترسی گەورەداین، ئێستە بەشی سەرەوەی پاركەكە هیچ پاككردنەوەی بۆ نەكراوە و دارستانەكە هەمووی پووشە، بچووكترین ئاگر نزیكی بكەوێتەوە پاركەكە لەناو دەچێت". رێبین جەلال وای گوت.
بەڕێوەبەری پاركی هەواری سار دووپاتی دەكاتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی رۆژانە دێنە ژوورەوە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی 500 دینار وەردەگیرێت، ئەو پارەیە لە خزمەتكردنی شەقامەكان و پاككردنەوەی خۆڵ و پاشماوەكان كە هاووڵاتییان لە شوێنەكە لە كاتی دانیشتن دوای خۆیان بەجێی دەهێڵن، خەرج دەكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی