محەمەد وەتمان: سبەی ریفراندۆم بكرێت دەنگم بەڵێ دەبێت

:: PM:01:45:24/09/2020 ‌
ئەندامێكی پێشووی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوانەی لە كوردستان خەباتیان كردووە لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان بووە و دەڵێت، ئەگەر سبەی ریفراندۆمێكی تر بكرێتەوە دەنگم بەڵێ دەبێت.
هەركەسێك لە كوردستان خەباتێكی چەكداری و سیاسیی كردبێت تەنیا لە پێناو سەربەخۆیی بووە

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەمیشە بەرنامەی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان بووە، دروشمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، هەركەسێك لە كوردستان خەباتێكی چەكداری و سیاسیی كردبێت، تەنیا لە پێناو سەربەخۆیی بووە، بەڵام دوژمنانی كورد و وڵاتانی دراوسێ هەمیشە نەیاری كوردستان بوون و نەیانویستووە سەربەخۆ بێت و كوردیش ئێستە بێ پشتیوانە.

"لە رابردوو و ئێستە و داهاتووشدا، هەتا ئەو كاتەی دەمێنم بۆ سەربەخۆیی كوردستان خەبات دەكەم و ئەگەر سبەینێ ریفراندۆم بكرێتەوە، دەنگم بەڵێ دەبێت و پەشیمان نابمەوە و ئامادەم دەنگی بۆ كۆ بكەمەوە". محەمەد وەتمان وای گوت.

رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە برد و تێیدا 93٪ی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان