توركیا بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ڕەت دەكاتەوە

:: AM:10:09:05/10/2016 ‌
وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی كاتی مانەوەی هێزەكانی توركیا لە نێو خاكی عێراق، ڕەت كردەوە و ناوەڕۆكی بڕیارەكانیش بە تۆمەتباركردنی بێ بنەما ناو دەبات.

دوێنێ سێشەم پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری دەكرد بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق و بە "داگیركار" ناوی بردن، هاوكات داوای لە حكوومەتی عێراق كرد باڵوێزی لە بەغدا بانگهێشت بكات و یاداشتی ناڕەزایی پێ بدات و تەواوی پێوەندییە ئابوورییەكان و هەناردەكردنی نەوتی خام لە رێی توركیاوە رابگرێت.

لەلایەكی ترەوە حەیدەر عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا داوای كرد، ئەنكەرە دەستوەردان لە كاروباری وڵات نەكات و بوونی هێزەكانی توركیای لە عێراق بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق لە قەڵەم دا.

لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا سەركۆنەی بڕیارەكەی پەرلمانی عێراق كرد و بەتوندی دژی ئەو قسانە وەستاوەتەوە كە بەرامبەر لێدوانەكانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان لە بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی داوە، كە بڕیاری درێژكردنەوەی كاتی هێرشەكان بۆ نێو خاكی سووریا و عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی تر لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە، كارێكی نوێ نییە و پەرلەمانی توركیا بۆ ئەم بڕیارە پشتی بەستووە بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی ساڵی 2007 كە لە نێوان هەردوولا رەزامەندی دراوە دژی پەكەكە لە باكوری عێراق جموجۆڵی سەربازی ئەنجام بدات.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوە هاتووە، هۆشداری بە باڵوێزی عێراق لە ئەنكەرە دەدەین و بانگهێشتی وەزارەتی دەكەین، بۆ ئەوەی رەخنە و هەڵوێستی رووبەڕوو بكەین بەرامبەر بەو كارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لێدوانی كۆمەڵێك بەرپرسی عێراق و تۆمەتباركردنی وڵاتەكەمان لەم دواییەدا.

وشە/ئاژانسەكان، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د