هاوردەکردنی پەتاتە لە مەرزی پەروێزخان بەردەوامە

:: PM:02:26:24/09/2020 ‌
هاوردەكردنی پەتاتە بەشێوەی قاچاخ لە مەرزی پەروێزخانەوە بەردەوامە، ئەوەش  بووەتە هۆكاری تووڕەیی و نیگەرانی جووتیارانی كوردستان، چونكە جگە ئەو پەتاتەیە لە گەرمیان بۆ ناوچەكانی تری كوردستانیش دەچێت.
بە ئاشكرا پەتاتە لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، ئاسۆ ئەحمەد وەك شۆفێرێك كە باری تەڕە و میوە لە مەرزی پەروێزخان بار دەكات بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێنانی باری پەتاتە بەشێوەی قاچاخ لە مەرزی پەروێزخانەوە بەردەوامە.

ئەو شۆفێرە باس لەوە دەكات كە پەتاتە لە دیوی پشتەوەی مەرزەكەوە دەهێننە هەرێمی كوردستان و دەڵێ، شۆفێر دەناسین بە پاڵپشتی بەرپرسان ئەو بارانە دەهێنێ، بەڵام لە دیوی پشتەوەی مەرزەكە.

كەریم عەلی نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، باری پەتاتە نەك بەشێوەی قاچاخ، بەڵكو بە ئاشكرا لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێمە بەدواداچوونی وردمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە و لە نزیكەوە ئاگادارین، تەنانەت نووسراویشمان بۆ حكوومەت كردووە كە هێنانی پەتاتە رابگرن.

ئەگەرچی عەباس عەلی بەرپرسی پێوەندییەكانی مەرزی پەروێزخان بۆ "وشە" گوتی، بۆی هەیە لە دەرەوەی مەرزەكەوە باری پەتاتە هێنرابێ. بەڵام  شادی حوسێن بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان هێنانی پەتاتە و بەرهەمەكانی تری خستە ئەستۆی بەرپرسانی مەرزی پەروێزخان.

ئەمڕۆ بەهۆی رێپێدان بە هاوردەكردنی پەتاتە لە مەرزەكانی گەرمیان و سلێمانی، جووتیارانی كوردستان لە هەولێر لە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ گرد بوونەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان