گوتەبێژی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو چەند نەخۆشخانەیەكی كۆرۆنا بڕیاری لەسەر دەدرێت و ژمارەی ئەو نەخۆشخانانە كەم دەكرێنەوە كە چارەسەری كۆرۆنایان تێدا دەكرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی ئەیلوول، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت بۆ دیاركردنی ئەو نەخۆشخانانەی كە چارەسەری كۆرۆنایان تێدا دەكرێت.
ئێستە نەخۆشخانەی فێركاری هەولێریش گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی بۆ خزمەتی نەخۆشیی تر
گوتەبێژی تەندروستی گوتی، لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو بڕیار دەدرێت كە سێ شوێن وەك سەنتەری چارەسەری كۆرۆنا بمێننەوە، ناوەندەكانی تری تەندروستی بەڕووی خزمەتگوزارییەكان ئاسایی بكرێنەوە، ئێستە نەخۆشخانەی فێركاری هەولێریش گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی بۆ خزمەتی نەخۆشیی تر.
ڕوونی كردەوە، لە ڕابردوو بەشە ناوخۆییەكانمان بەكار هێناوە، ئێستە بەهۆی كەمبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر تووشبووان ئەو بەشە ناوخۆییە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین دەگەڕێنینەوە، ئەوەیش دوای دەرمانڕێژكردنی.
لە ماوەی ڕابردوودا لە هەولێر سەرجەم نەخۆشخانەكان و مەڵبەندە تەندروستییەكان خرانە خزمەتی تووشبووانی تەندروستی، ئێستە بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، بەنیازن ئەو نەخۆشخانانە بگەڕێننەوە باری ئاسایی خۆیان بۆ خزمەتی نەخۆش.