بەرپرسێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاشكرای كرد، لە ئێستەدا هاوردەكردنی پەتاتە راگیراوە، بەهۆی وەرگرتنی بڕی 600 دیناری عێراقی بۆ هەر كیلۆیەك پەتاتەی هاوردە لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان کەس پەتاتە هاوردە ناکات.
کێشەکە پێوەندی بەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە هەیە و لای ئێمە ئەو گرفتە نییە
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئەیلوول، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئێستەدا هاوردەكردنی پەتاتە لە مەرزەكەمان راگیراوە، ئەویش بەهۆی زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمی پەتاتە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی بۆ هەر كیلۆیەك پەتاتەی هاوردە بڕی 600 دیناری عێراقی كە بۆ تەنێك دەكاتە 600 هەزار دینار وەردەگیرێت، زۆر بە كەمی بازرگانان پەتاتە هاوردە دەكەن و بەوەش دەتوانین بڵێین، هاوردەكردنی لە باشماخدا نییە.
بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دووپاتی دەکاتەوە، پرسی هاوردەكردنی پەتاتە زیاتر پێوەندی بەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە هەیە و لای ئێمە ئەو گرفتە نییە.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لەشارۆكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانیەوە دوورە و كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجامدەدرێت.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی