نهێنی كۆبوونەوەكەی كازمی و هێز و گرووپەكانی شیعە ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:45:24/09/2020 ‌

بەر لە چەند رۆژێك و دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دوو كۆبوونەوە كران، كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتی و فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكان و كۆبوونەوەی كازمی و هێزە سیاسییەكان لە بەغدا، دوای كۆبوونەوەكان گۆڕانكاری كتوپڕ روویان دا، بەتایبەتی لە هەڵوێستی حزب و میلیشیاكانی سەر بە ئێران.
سەرانی شیعە و حەشدی شەعبی خۆیان لە توڕەیی ئەمەریكا دەپارێزن
بەپێی زانیارییەكان لە شەوی چوارشەمی رابردووەوە گۆڕانكاری بەدی دەكرێت، ئەوەیش دوای هۆشدارییەكی توندی ئەمەریكا بە وەڵامدانەوەی ئەو لایەنانەی هێرش دەكەنە سەر  بەرژەوەندییەكانی لە عێراق، یەكەم هەڵوێست هی موقتەدا سەدر بوو كاتێك لە تویتێكدا رەخنەی لە ژمارەیەك گرووپی حەشدی شەعبی گرت و بە وەستان لە پشت كوشتن و بۆردمانكردنەكانی لە عێراق روودەدەن.  

هەرچی گرووپەكانی ترن زۆر چاوەڕوانیان نەكرد، ئەوانیش بە هاوشێوەی سەدر هەڵوێستیان دەربڕی، كاتێك هاوپەیمانی "فەتح"، بە سەرۆكایەتی هادی عامری هەر هێرشێكی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان رەت كردەوە و داوای لە دادگە و هێزە تەناهییەكان كرد بۆ كۆتاهێنان بە كاری رفاندن و كوشتن و تۆقاندنی خەڵك. 

هاوكات حەشدی شەعبی بەیاننامەیەكی دەركرد و خۆی لە هەر هێرشێك و چالاكییەكی سەربازی نایاسایی و گوماناوی دژ بە بەرژەوەندی بیانی و مەدەنی بێبەری كرد، كە ئەوە یەكەمجارە حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی "فەتح"، بەیاننامەی لەوشێوەیە بڵاو بكەنەوە دوای نزیكەی ساڵێك لە بوونی هێرشی مووشەكی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەوبارەوە دەڵێت، گۆڕانكاری هەڵوێستی ئەو لایەنانە دوای كۆبوونەوەیەكی دوایی نێوان مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هێزە شیعەكان هات، كە هەڕەشەی ئەمەریكای پێ راگەیاندوون بەوەی هەرلایەنێك بێدەنگ بێت لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی نێردە دیپلۆماسییەكان دەكاتە ئامانج، بە هاوبەشی هێرشبەرانی دەزانن و بە توندی حسێبی لەگەڵ دەكرێت، بۆیە چەند لایەنێكی ناو "فەتح" و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ترسیان لە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەریان هەیە كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكان و داهاتووی سیاسییان دەكات.

ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بەڵگەنامەیەكیان بڵاو كردەوە كە لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاو كرابووەوە بە لادانی هەریەك لە حامد جەزائیری، سەركردە لە گرووپی خوراسانی و لیوای 18ی حەشدی شەعبی وەعد قەدۆ، سەركردەی لیوای 30ی شەبەكەكان، كە قەدۆ یەكێكە لەوانەی ناوی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكا هاتووە، بەپێی زانیارییەكان ئەو هەنگاوە بۆ مژینی توڕەیی ئەمەریكییەكانە، لەوكاتەی باسی ئەوەیش دەكرێت كە بە رەزامەندی تاران كراوە بۆ گۆڕینی دەموچاوە بێزراوەكانی ناو حەشدی شەعبی.

رەعد هاشم، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی دەڵێت، كازمی و ساڵح پەیامێكی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی عێراقیان بۆ ئەو گرووپانە گواستووەتەوە، بەوەی رەنگە ئەمەریكا باڵوێزخانەی لە بەغدا دابخات و وەڵامێكی توندی میلیشیاكان بداتەوە، كە هێرش دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی، بۆیە ئەم هەڕەشەیە هێزە سیاسییەكانی سەر بە تارانی زۆر ترساند، چونكە ئەگەری هەیە سزای توندی ئەمەریكای لەگەڵ بێت بۆ سەر چەند كەسایەتییەكی دیاری ئەوان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل