سەرەڕای بەردەوامبوونی سزاکان هەناردەی نەوتی ئێران هەڵکشا

:: AM:10:03:26/09/2020 ‌
سەرەڕای بەردەوامبووونی سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران، ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلوولدا پەرەی بە هەناردەی نەوتەکەی داوە و ئەو زانیارییەش کۆمپانیایەکی چاودێری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بڵاوی کردووەتەوە.

لە ساڵی 2018ەوە کە ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی هاتە دەرەوە بڕیاری دا سزای زۆر قورس بخاتە سەر کەرتی نەوت و دارایی ئەو وڵاتە.

بە پێی ئامارەکان قەبارەی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لەم مانگەدا بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل زیادی کردووە لە کاتێکدا ئامانجی ئەمەریکا ئەوە بووە هەناردەکە بۆ سفر دابەزێنێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا قەبارەی هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی  ئەیلوولدا بەراورد بە مانگی ئاب نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەو نەوتەی ئێران هەناردەی کردووە هەر لەسەر دەریا بۆ کەشتی تر گواستراوەتەوە

سەرووی نیوەی ئەو نەوتەی ئێران هەناردەی کردووە هەر لەسەر دەریا بۆ کەشتی تر گواستراوەتەوە بۆیە بە وردی دیار نییە نەوتەکە بۆ چ وڵاتێک هەناردە کراوە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی سزاکانی ئەمەریکا ئەو وڵاتە دەیتوانی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات بەڵام لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ خوارووی 200 هەزار بەرمیل دابەزی.

بیژەن زەنگەنە گوتوویەتی نەوتەکە بە ناوی ئێران نافرۆشن و گۆڕیانکارییان بەسەر تەواوی بەڵگەنامەکانی فرۆشتن هێناوە بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت ئاشکرایان بکات.



وشە - سلێمان تاشان