نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا

:: AM:10:38:26/09/2020 ‌
سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا و پزیشكێكیش ڕای دەگەیەنێت، پێویستە دۆخی هەڵەبجە لەبەرچاو بگیرێت و مەترسی كۆرۆنا لەسەر ئەو سنوورە زیاترە.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی ئەیلوول، وەلی ڕۆستەم پزیشكی هەناسە و سییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشتر بۆ سنووری هەڵەبجە ئێمە هۆشداریمان دابوو بە بەرپرسانی تەندروستی كە كۆرۆنا چەند مەترسیدار بێت لە سنووری هەڵەبجە مەترسییەكەی دوو هێندەیە.

دەبێت بزانیین كاریگەری كۆرۆنا لەسەر هەڵەبجەییەكان زیاترە 
ئەو پزیشكە گوتی، ئێستە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە پڕبوونە لە تووشبووی كۆرۆنا ئەوەیش دەبێت بزانیین كاریگەری كۆرۆنا لەسەر هەڵەبجەییەكان زیاترە، چونكە بەشێكییان بەهۆی بەركەوتەیان بەچەكی كیمیایی كێشەی هەناسەدانیان هەیە.

ڕوونی كردەوە، پێویستە نەخۆشخانەی تر لە سنووری هەڵەبجە بەخێرایی بكرێنەوە و پزیشكی بۆ بگوازرێتەوە تا دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئاستی هۆشیاریش بۆ پابەندبوون بەڕێنوێنییەكانی تەندروستی بەرز بكرێنەوە.

ئێوارەی دوێنێ‌ لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە ڕاگەیەنرا، بەهۆی پڕبوونی قاوشەكانی كۆرۆنا لە هەردوو نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، بە داوای لێبووردنەوە لە ئێستەدا ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی  سنووری ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەن تەنها لە ڕێگەی فۆڕمی ڕەوانەكردنی نەخۆش و بە ئاگەداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سنوورەكەیان وەردەگیرێن لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە.



وشە - رامیار جەواد