ئەمەریکا هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا دەکات

:: PM:12:46:26/09/2020 ‌
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کرد ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا درێژەیان هەبیت ئەوا باڵوێزخانەکەی لە بەغدا دادەخات.

ئەو بە پێویستی زانیوە هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا بوەستینرێن و چیتر ئەمەریکا هەر بەم شێوەیە سەیری دۆخەکە ناکات و هەڵوێستی دەبێت.

بەگوێرەی سپوتنیک هەمووی هەفتەیەک نابێت هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی ڤیکتۆری کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە. بنکەکە کەوتووەتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی  بەغدا و ئەمەریکا بۆ دابەزاندنی هێز و پێداویستی سەربازی سوودی لەم بنکەیە وەرگرتووە.

بەردەوام مووشەک و هاوەن گیراوەتە سەر بنکە سەربازییەکان و باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام مووشەک و هاوەن گیراوەتە سەر بنکە سەربازییەکان و باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و ئەو هێرشانەش لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر پەرەیان سەندووە.

دەگوترێ میلیشیاکانی سەربە حەشدی شەعبی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە پشتەوەی ئەو هێرشانەن.

گرووپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی خۆشیان بە ئاشکرا هەڕەشە لە سەربازان و بنکەکانی ئەمەریکا دەکەن و داوا لە ئەمەریکا دەکەن هەر چی زووە بکشێتەوە ئەگەرنا سەربازەکانیان دەکوژن.



وشە - سلێمان تاشان