قوتابخانەکانی کرماشان داخران

:: PM:01:44:26/09/2020 ‌
پەرەسەندنی کۆرۆنا بەرپرسانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانی  ناچار کرد بڕیاری داخستنی سەرجەم قوتابخانەکان دەربکەن کە ماوەیەک بوو لە چوارچێوەی رێوشوێنی خۆپارێزی کرابوونەوە.

هوشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان بڕیاری داوە جگە لە داخستنی قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەیی و زانکۆکان، رێژەی کارکردنی فەرمانبەرانی حکوومەتیش 30% کەم بکاتەوە.

بەگوێرەی ئیرنا راگرتنی سەرجەم بۆنە گشتییەکانی وەک زەماوەند و پرسە و داخستنی دەرگای هۆڵە وەرزشی و میوانخانەکان بەشێکی ترن لە بریارەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەم پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ژمارەی قوربانییان لەم پارێزگایە پەرە دەستێنێت.

داوا لە خەڵک کراوە دەمامک ببەستن و لە شوێنە قەرەباڵغەکان دوور بکەونەوە ئەگەرنا لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەی قوربانییان لەم پارێزگایە پەرە دەستێنێت.

411 نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە لەژێر چاودیری دان لەوانە  66 کەسیان لە ژێر چاودێڕی چڕ و 20 کەسیش بە بێ ئۆکسجین ناتوانن درێژە بە ژیان بدەن.

ژمارەی تووشبووان خەریک بوو کەمی دەکرد بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی کرانەوەی قوتابخانەکان و لابردنی بەشێک لە رێوشوێنەکان، ئامارەکان زیادی کردووە.

لە ئێران نزیکەی 440 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و سەرووی 25 هەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە.


وشە - سلێمان تاشان