پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەموو دەنگی لەسەر پشتبەستن بە ئاماری دانیشتوانی پێش 10 ساڵ وەك بنەمایەك بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردن دا، ئەوەیش دوای ئەوەی دانیشتنی ئەمڕۆ بەهۆی نەگەیشتن بە سازان لەسەر پاشكۆی بڕگەی 15ی تایبەت بە فرەبازنەیی هەڵبژاردن كێشەی تێ كەوت.
دەنگدان لەسەر بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردن بەردەوامە
زانیارییەكان لە پەرلەمانی عێراق روونیان كردەوە كە پەرلەمانی دەنگی لەسەر بڕگەیەك داوە بە پشتبەستن بە ئاماری دانیشتوانی ساڵی 2010 كە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە دەرچووە، لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، ئەوەیش وەك جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەی 49ی دەستووری عێراق.
هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر بڕگەی پێویستی پابەندی بە تێپەڕكردنی جوگرافیانە و فرەیی پێكهاتەیی لەناو هەر پارێزگایەك و پشتبەستن بە پرەنسیپی شەفافیەت و دادوەری لەكاتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردندا، جیا لەوە دەنگی لەسەر بڕگەیەك دا بە قەدەغەی دواخستنی میكانیزمی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەلایەن هەر پارێزگایەك لەبەر هەر هۆكارێك، هەروەها دیاریكردنی پێوەرێكی یەكگرتوو بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق و بەدەر نەكردنی هیچ پارێزگایەك لەو پێوەرە.
لای خۆیەوە عیسمەت رەجەب، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەوبارەوە گوتی، وەك پارتی بڕگەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن رەت دەكەینەوە، چونكە كێشەی گەورە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست دەكات و كورد زۆر زەرە دەكات، نەوەك هەر ئەوان، بەڵكو هەموو پێكهاتەكانیتری نەینەوا و كەركووك زەرەر دەكەن، بۆیە پێویستە وەك دۆخێكی تایبەت مامەڵە لەگەڵ ناوچە كێشەلەسەرەكاندا بكرێت.